بایدن و ماکرۆن دۆخی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن
"جەختیان لەسەر پشتگیری حکومەت و خەڵکی ئۆکرانیا کردەوە"
K24 – هەولێر
سەرۆکی ئەمەریکا و سەرۆکی فەرەنسا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆخی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن، و جەخت لەسەر پشتگیری حکومەت و خەڵکی ئۆکرانیا دەکەنەوە.
کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەرەنسییەکەی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بۆ بەرپرسیارکردنی رووسیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ئۆکراینا کردەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەکەی کۆشکی سپی، بایدن و ماکرۆن جەختیان لەسەر پشتگیری حکومەت و خەڵکی ئۆکرانیا کردەوە.
لەلایەکی دیکە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن و دیمیترۆ کۆلیبا هاوتا ئۆکرانییەکەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و گفوگۆیان لەبارەی هەوڵی دیپلۆماسیان بۆ وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی رووسیا لە ئۆکراینا کرد.
نێد پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: "بلینکن و دیمیترۆ باسیان لە هەوڵەکان کرد، بۆ وەستاندنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، هەروەها پشتیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی هێرشەکان دووپاتکرایەوە".
