به‌هۆی کریستیانۆ لە بڕیاری وازهێنان لە یاریکردن پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مان یونایتد
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی مان یونایتد

تۆم برادی ئەفسانەی تۆپی پێی ئەمریکی  ته‌مه‌ن 44 ساڵ، بڕیاریدا لە بڕیاری وازهێنان لە یاریکردن پاشگەز ببێتەوە، ئەمەش دوای تەنیا رۆژێک لە ئامادەبوونی لە یارییەکەی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر تۆتێنهام لە پرێمەرلیگ.

لەم یارییەدا کریستیانۆ رۆناڵدۆ درەوشایەوە و یاریزانە پۆرتوگالییەکە کە ئێستا تەمەنی گەیشتووەتە 37 ساڵ، بەڵام توانی سەرکردایەتی یانەکەی بکات و هاتریکی تۆمار کرد، هەر ئەمەش وایکرد برادی پەشیمان ببێتەوە و بەفەرمی بڕیاریدا سەرلەنوێ بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکا.

برادی لە تویتەری خۆی نووسیویەتی: لە ماوەی دوو مانگی رابردوو درکم بەوە کردووە کە هێشتا شوێنم لە یاریگایە نەوەک پەیژەکان، دەشڵێت: ئەو کاتە دێت بەڵام ئێستا نا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوڕێیه‌کانم لە تیپەکەم خۆش دەوێت و خانەوادەکەشم پاڵپشتیم دەکەن بۆ ئەوەی بۆ بیست و سێیەمین وەرز یاریی بکەم، بەڵام هێشتا هەندێک کاری تەواونەکراوم لەبەردەم ماوە.

برادی لە مانگ فێبرایەری رابردوو دوای ئەوەی لەگەڵ یانەی تامبا ناسناوی خولی ئەمریکی لەدەستدا و لە سوپەر باول بەرامبەر لۆس ئانجێلێس رامەرز دۆڕان بڕیاریدا بەیەکجاری واز لە یاریکردن بهێنێت.

برادی 44 ساڵان تاکە یاریزانە حەوت جار ناسناوی خولی ئەمریکای بردووەتەوە و بە تەمەنترین یاریزانیشە لەگەڵ یانەکەی ببێتە پاڵەوان کە لە 2020 لەگەڵ تامبای تەمەنی 42 ساڵ بوو ناسناوەکەی بردەوە.

تۆم برادی دوای هاتریكه‌كه‌ی كریستیانۆ له‌ یاریگه‌ی ئۆڵد ترافۆرد
تۆم برادی دوای هاتریكه‌كه‌ی كریستیانۆ له‌ یاریگه‌ی ئۆڵد ترافۆرد