ئۆکرانیا: 2500 هاووڵاتی سڤیل لە ماریوپۆڵ گیانیان لەدەستداوە
"سوپای رووسیا نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵی شارەکە بکات"
K24 - هەولێر:
راوێژکاری باڵای نوسینگەی سەرۆکایەتی حکوومەتی ئۆکرانیا، ئۆلێکسی ئارێستۆڤیچ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە، لە ئاکامی هێرشەکانی رووسیا بۆسەر شاری ماریوپۆل، زیاتر لە دوو هەزار و 500 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە.
ئارێستۆڤیچ، لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی باسی لەوەکرد کە، پێکدادانەکانی شاری ماریوپۆل بەردەوامن و سوپای ئۆکرانیا رێگری لە هێرشەکانی رووسیا کردووە.
ناوبراو، جەختی لەوەشکردەوە کە، سوپای رووسیا نەیتوانیووە کۆنتڕۆڵی شارەکە بکات و بەوهۆیەوە هاووڵاتییانی مەدەنی کردوەتە ئامانج، گوتیشی: "رووسیا دەیەوێت ئەو شارە لەسەر نەخشە بسڕێتەوە. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 هاووڵاتی مەدەنی لە ماریوپۆل، گیانیان لەدەستداوە".
سەرچاوە: AA
H.H