لیژنەی لێکۆڵینەوەی عێراقی: هیچ بەڵگەیەك نییە لەسەر بوونی بارەگای مۆساد لە هەولێر
"نیگەرانە لە ئۆپۆزسیۆنەکەی نەك ئیسرائیل"
K24 - هەولێر:
دوو بەرپرسی عێراقی پەیوەیست بە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان لەسەر ئەو هێرشە مووشەکیەی کرایە سەر شاری هەولێر بە وێبسایتی "الشرق الأوسط"ـیان راگەیاند، لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەواڵگری هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە کە پاساوەکەی ئێران پشتراست بکاتەوە، کە دەیگوت لە هەولێر بارگەی مۆسادی ئیسرائیلی هەیە.
ئەو دوو بەرپرسە عێراقییه باسیان لەوە کرد، ئێران پێشتر بە حکومەتی بەغدا و هەولێریشی راگەیاندبوو، لە ههبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان بێزارە، تەنیا دوای هێرشەکە مووشەکیەکەش ناوی مۆساد هاتووهتە ناو باسەکەوە.
شەوی 13/12-3-2022. پاش کاتژمێر یەکی نیوهشهو، 12 مووشەکی دوورمەودای بالیستی لە سنوورەکانی دەرەوەی عێراق، لە رۆژهەڵاتەوە ئاراستەی هەولێر کران و ناوچە سڤیل نشینەکانی نزیك بارەگای کەناڵی کوردستان24 و دەوروبەری بەر هێرشەکە کەوتن، دەرئەنجام زەرەر و زیانی ماددی بەر باڵەخانە و خانووەکانی ئەو ناوچەیە کەوتووە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا هاووڵاتییەك بە سووکی بریندار بوو.
دواتر سوپای پاسداران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و بانگەشەیان ئەوەیان کرد، گوایه ناوەندێکی ستراتیجی ئیسرائیلیان بە مووشەکی بالیستی بە ئامانج گرتووە.
دوو بەرپرسە عێراقییهكه، ئاماژەیان بە چەند بابەتێکی هەستیاری لێکۆڵینەوەکە داوه، لەوانەش بەئامانجگرتنی ماڵی سەرمایەداری شاری هەولێر شێخ باز بهرزنجی، بە بیانووی ئەوەی پەیوەندی بە چالاکی نایاساییەوە هەبووە، ئهو دوو بهرپرسه جەختیان لەوە کردەوە، کە تیمێکی لێکۆڵینەوەی تەکینکی تەواوی ماڵەکەیان پشکنیوە و هیچ سەرداوێکیان نەدۆزیوەتەوە کە پشتگیری بانگەشەکانی ئێران بکات، بە گوێرەی گوتهی بەپرسە عێراقیەکان، پاشماوەی ماڵەکە نیشاندهری ئهوهن کە شوێنەکە مەدەنییە و هیچ گومانێکی لەسەر نییە.
سەرەڕای یەكگرتنەوەی گوتەکانی ئەو دوو بەرپرسە عێراقییە لەگەڵ گوتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو لێکۆڵینەوانەی بینیویانە کاریگەری لێکدانەوەی حزبیی و هەرێمی بەسەرەوە نەبووە و لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوونەکان لەسەر بنەمای بەدواداچوونی زانیاری و کەس و شوێنەکان بووە، لەگەڵ ئەوەشدا گریمانەی ههبوونی ئاسەواری بارەگای موساد، بە لاوازی و ناتەواوی و له چوارچێوهی بانگهشهی ناڕهوادا ماوەتەوە.