ئۆکرانیا: سوپای رووسیا پیاوه‌كانمان به‌كارده‌هێنێت
"50 سه‌ربازی رووسی لەکاتی مەشق و راهێناندا هه‌ڵاتوون"

K24 - هەولێر:
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئۆکرانیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه سوپای رووسیا ده‌ستی كردووه به به‌كارهێنانی پیاوانی ئۆکرانیا.
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، به‌هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی مرۆیی وه‌ك پێویست، داگیركه‌رانی رووس پیاوانی شاری ئیزیوم (سەربە پارێزگای خارکێڤ)-ی گه‌مارۆدراو به‌كارده‌هێنێت.
له راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركانی سوپای ئۆکرانیا هاتووە، "سوپا و گه‌لی ئۆکرانیا قاره‌مانانه رووبه‌ڕووی داگیركاری سه‌ربازانی رووسیا ده‌بنه‌وه."
ئاماژه به‌وه‌ش دراوه كه ده‌نگۆی ئه‌وه له‌نێو دانیشتووانی شاری خێرسۆن بڵاوبووه‌ته‌وه دوای به‌ناو ئه‌نجامدانی گشتپرسی له شاره‌كه كه ئێستا ئاماده‌كارییه‌كان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌نجامدانی به‌ناو گشتپرسی تیایدا، هاووڵاتییان به‌زۆره‌ملێ چه‌كدار ده‌كرێن.
باس له‌وه‌یش كراوه كه هه‌واڵی ژێرئاوخستنی كه‌شتیی جه‌نگیی "مۆسكۆڤا" سەربە كه‌شتیگه‌لی رووسیا له ده‌ریای ره‌ش له‌لایه‌ن ئۆکرانیاوه ده‌نگدانه‌وه‌ی زۆری به دوای خۆیدا هێناوه له كریمیا و بێمتمانه‌یی به میدیای رووسیا زیادی كردووه.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا تیشكیش خراوه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه رووسیا به‌رده‌وامه له هێرشه‌كانی بۆسه‌ر ژێرخانه مه‌ده‌نی و پیشه‌سازییه‌كان.
بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش كراوه كه له كاتی مه‌شق و راهێنانی سه‌ربازیدا، زیاتر له 50 سه‌ربازی رووسیا هه‌ڵاتوون.
ئاماژه به‌وه دراوه كه سوپای رووسیا پێكدادانه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ئۆکرانیا سه‌ختتر كردوون و تیایدا هاتووه "سوپای رووسیا به به‌كارهێنانی فڕۆكه بۆردومانكه‌ره ستراتیجییه‌كانی جۆری Tu-22M3 به‌رده‌وامه له بۆردومانكردن و مووشه‌كبارانكردنی شاری ماریوپۆل. هه‌وڵ ده‌درێت شاری خاركێڤ گه‌مارۆ بدرێت".
AA