وەزیری دارایی عێراق: بەهۆی پابەندبوون بە رێککەوتنی ئۆپێك ناتوانین بەرهەمهێنان زیادبکەین

"ده‌توانین سوود له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت وه‌ربگرین، به‌ڵام ناتوانین رێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌رز بكه‌ینه‌وه‌"

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق
عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق

K24- هه‌ولێر:

عەلی عەللاوی، وەزیری دارایی عێراق رایگه‌یاند، وڵاتەکەی ناتوانێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکاتەوە و سوود لە دەرفەتی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرێت، بەڵکو بە شێوەیەکی روون پابەندن بە رێککەوتنی ئۆپێك بەو بەشەی بۆ عێراق دیاریکراوە.

وەزیری دارایی عێراق لە میانه‌ی سەردانیدا بۆ واشنتن گوتی: رەنگە عێراق سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرێت، کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی گرژی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا بەرزبووەتەوە.

وەزیری دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، تێچووەکانی ئەو جەنگە زۆر بەرزە، بەهۆیەوە نرخی پەیین و گەنم و کاڵا سەرەکییەکانی دیکە بەرزبوونەتەوە.

روونیشی کردەوە، هۆکارەکانی مانەوەی عێراق لە رێککەوتنی ئۆپێك پڵەس زۆر گرنگن و رێککەوتنەكه‌ به‌بێ هیچ گومانێك سەرکەوتووە.

ئەمە لە کاتێکدایە تێکڕای بەرهەمهێنانی نه‌وتی رۆژانەی عێراق لە مانگی ئاداردا 4 ملیۆن 340 هه‌زار بەرمیل بووە، بەراورد بە مانگی شوباتی پێشخۆی، 80 هەزار بەرمیل نەوت زیادیکردووە، بەڵام کەمترە لەو ئاستەی کە رێکخراوی ئۆپێك بە 4 ملیۆن 370 هه‌زار بەرمیل نەوتی رۆژانەی بۆ دیاریکردووە.

H.B

 

Fly Erbil Advertisment