به فهرمی خولی ئۆكراینا ههڵوهشێندرایهوه
ئەنجومەنی خولی ئۆکرانیا بە فەرمی بڕیاریدا ئەم وەرزەی خولی ئۆکرانیا هەڵبوەشێنرێتەوە و هیچ یانەیەکیش وەکو پاڵەوان دەستنیشان ناکرێت، کە ئەم خولە بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە وەتەی مانگی دوو راوەستاوە.
خولی ئۆکرانی لە وەتەی مانگی فێبرایەری رابردووەوە لەو کاتەوەی هێرشە سەربازییەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەستی پێکردووە راگیراوە، بەر لە راگیرانی خولەکەش یانەی شاختار دۆنێتسک دوای 18 یاریی بە 47 خاڵ لە پێشەنگی خولەکە بوو، بە جیاوازی دوو خاڵ لە پێش دینامۆکیێڤ دەبینرا.
لە بەیاننامەکەیدا ئەنجومەنی خولی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کردووە یانەکانی خولی نایاب پێشنیازی ئەوەیان کردووە کۆتایی بەم وەرزەی خولەکە بهینرێت، چونکە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی ئەم دۆخە خراپەی ئۆکرانیا درێژە دەکێشێت و خولەکە تەواو ناکرێت.
هێما بۆ ئەوەش کراوە ریزبەندییەکە تاکو 24ـی فێبرایەری 2022 ریزبەندی کۆتایی دەبێت و هیچ یانەیەکیش نابێتە خاوەنی ناسناوی ئەم وەرزە، کە تا ئەو کاتە شاختار لە پێشەنگی ریزبەنیەکە بوو بەڵام نابێتە پاڵەوان، بەڵام یەکەم و دووەمی ریزبەندییەکە کە شاختار و دینامۆکیێڤن بەپێی ریزبەندی بەشداری لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو دەکەن.
دوای تێکچوونی دۆخی ئۆکرانیا و هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئەو وڵاتە وەرزش و تۆپی پێ لەو وڵاتە پەکی کەوتووە و جگە لە پەرش و بڵاوبوونی یاریزانەکان، بەشێک لە یانەکان ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوونە و ناوە ناوە یاریی دۆستانە خێرخوازی دەکەن.