پیر دەیان جەعفەر حەمو: زیاتر له‌ 10 هه‌زار ئاواره‌ی شنگال گه‌یشتوونه‌ته‌ سنووری پارێزگای دهۆك

"خه‌ڵكی شنگال جارێكی دیكه‌ ئاواره‌بوونه‌وه‌"
پب
پب

K24 - دهۆك:

پیر دەیان جەعفەر حەمو، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دھۆك بۆ کوردستان24 رایگەیاند، به‌هۆی شه‌ڕی نێوان چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ و سوپای عێراق، خه‌ڵكی شنگال جارێكی دیكه‌ ئاواره‌ی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و زیاتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س گه‌یشتوونه‌ته‌ پارێزگای دهۆك.

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە دھۆك ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، لە دەرئەنجامی ئەو شەڕەی ئەم چەند رۆژەی رابردوو لە دەڤەری شنگال، شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون لە شنگاڵ بەرەو ھەرێمی کوردستان سەریھەڵدا و تا ئێستا (10) هه‌زار و (261) كه‌س گه‌یشتوونه‌ته‌ سنووری پارێزگای دھۆك.

هه‌فته‌ی رابردوو سوپای عێراق هێزێكی زۆری به‌ره‌و‌ شنگال جوڵه‌ پێكرد، بۆ ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ببنه‌وه‌ له‌ قه‌زاكه‌، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ خه‌ڵكی شنگال جارێكی دیكه‌ ئاواره‌ بوونه‌وه‌ و روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌، به‌ تایبه‌تی به‌ره‌و پارێزگای دهۆك دێن و ده‌یانه‌وێت ژیانیان پارێزراو بێت.