شۆڕشی برسییه‌كان له عێراق به‌ڕێوه‌یه
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن

K24 - هه‌ولێر:
له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24، د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیژییه‌كان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك له‌باره‌ی هۆكاره‌كانی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق و ئه‌گه‌ری بوونی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی یان ناكۆكییه سیاسییه‌كانی لایه‌نه شیعه‌كان دوای 7 مانگ له هه‌ڵبژاردن و دۆخی گشتیی عێراقی دایه‌وه، كه له‌لایه‌ن حاكم فه‌رهاد، پێشكه‌شكاری ژووری هه‌واڵی كوردستان24ـه‌وه ئاراسته‌ی كران:
حاكم فه‌رهاد: به‌ڕێز د. غازی، شه‌وتان باش، زۆر سوپاس بۆ به‌شداریكردنتان له‌گه‌ڵمان له‌م گه‌شته‌ی هه‌واڵی كوردستان24.. وه‌ك ده‌زانیت ماوه‌ی 7 مانگه هه‌ڵبژاردن كراوه و حكومه‌تی عێراقی پێكه‌نه‌هێنراوه، به‌ڕای ئێوه، هۆكاره‌كه‌ی بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه، یانیش ئه‌وه‌یه كه به‌شێك له لایه‌نه شیعه‌كان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان قبووڵ نییه؟
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیژییه‌كان:
من له‌و باوه‌ڕه‌دام، كه ژماره‌یه‌ك فاكته‌ر بوونه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و قه‌یرانه و چه‌قبه‌ستوویی سیاسی له عێراق. له‌ناو هۆكاره‌كان ژماره‌یه‌كیان هۆكاری ده‌ره‌كین و هه‌ندێكی دیكه‌شیان هۆكاری ناوخۆیین، هه‌ندێك لایه‌نی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێران هه‌یه و بوونه‌ته سێیه‌كی په‌كخه‌ر و پرۆسه‌ی سیاسی و رێوشوێنه ده‌ستوورییه‌كانیان له عێراق په‌كخستووه. ئه‌و لایه‌نانه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له ساڵی 2003ـه‌وه تا ئێستا ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و جێبه‌جێكردنیان قۆرخ كردووه و هه‌موو جومگه ئیداری و داراییه‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه و هه‌ژموونی خۆیان سه‌پاندووه و ده‌ستیان به‌سه‌ر پۆسته گرنگه‌كاندا گرتووه.
گوتیشی: ئه‌م قۆرخكاریه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه نوێنه‌رایه‌تی دیموكراسیه‌ت له عێراق ناكات و ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن، له ده‌ستووردا به‌و شێوه‌یه نه‌هاتووه. ده‌ستووری ساڵی 2005 جه‌خت له ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه له ساڵی 2006ـه‌وه تا ئێستا ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات نه‌كراوه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، پێویسته چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سازشێكی جددی بكات بۆ هه‌نگاونان به‌ره‌و پێكهێنانی حكومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار.
حاكم فه‌رهاد: ئێوه ئاماژه‌تان به ده‌ستوه‌ردانی ئێران له كاروباری ناوخۆی عێراق كرد، خۆشت ده‌زانیت كه به ئاشكرا ئێران ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی عێراق وه‌رده‌دات و ده‌یه‌وێت حكومه‌تێكی دڵخوازی خۆی له عێراق ده‌سه‌ڵات بگرێته ده‌ست، ده‌مه‌وێت به راشكاوانه خوێندنه‌وه‌ی خۆت بۆ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه روون بكه‌یته‌وه.
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن:
ده‌ستوه‌ردانی ئێران هه‌ر له ساڵی 2003ـه‌وه تا ئێستا زۆر روون و ئاشكرایه، ئێران هه‌ژموونێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووریی له‌سه‌ر ئاسته‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری هه‌یه، ته‌نانه‌ت له‌ڕووی بازرگانیشه‌وه، كه قه‌باره‌كه‌ی ده‌گاته 12 ملیۆن دۆلار. هه‌ر به‌ڕاستی ئێران كۆنترۆڵی دۆخه‌كه به گشتی و بابه‌تی وزه به تایبه‌ت كردووه، ئێران كۆنترۆڵی هه‌نارده‌كردنی غازی كردووه، له‌كاتێكدا كۆماری ئیسلامی 12 رووباری له‌سه‌ر عێراق گرتووه‌ته‌وه، كه سه‌رچاوه‌یه‌كی زۆر گرنگی كشتوكاڵین بۆ عێراق، به‌ڵام ئێران به‌نداوی له‌سه‌ر ئه‌و رووبارانه دروستكردووه و زیانی به جوتیارانی كوردستان، پارێزگای دیاله و باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق گه‌یاندووه، كه نه‌ك ته‌نها تاران كۆنترۆڵی سه‌رچاوه‌كانی ئاوی عێراقی كردووه، به‌ڵكو كۆنترۆڵی ئاسایشی خۆراكی عێراقیشی كردووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه، كێشه‌ی زیاتر رووبه‌ڕووی عێراق ببنه‌وه و به‌و هۆیه‌وه كارگه‌كانی عێراق په‌كخراون، هه‌موو ئه‌مه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی ئێرانه. له هه‌مان كاتدا ئێران له‌ڕێگه‌ی سوپای پاسدارانه‌وه كۆنترۆڵی رێژه‌ی 34%ی ته‌واوی گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراقی كردووه، به شێوه‌یه‌ك كه به‌شێك له‌و گرووپانه به ئاشكرا ده‌ڵێن، ئێمه له به‌ره‌ی به‌رگری "مقاومه‌ی ئیسلامی"ـن، كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه سه‌ركردایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و فه‌رمان له عه‌لی خامنه‌یی وه‌رده‌گرن.
له هه‌مان كاتدا ئه‌وان دژایه‌تی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن و بانگه‌شه بۆ پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی ویلایه‌تی فیقهی ئیسلامی ده‌كه‌ن. سیاسه‌تی ئێران له رێگه‌ی گرووپه چه‌كداره‌كان و تێكدانی دۆخی ئه‌منییه‌وه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر دۆخی عێراق داناوه و ره‌نگدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی هه‌یه.
حاكم فه‌رهاد: د. غازی، ئێوه باسی ده‌ستووری عێراقتان كرد، وه‌ك ده‌زانی كورد دووه‌م نه‌ته‌وه‌یه له عێراق، هه‌ر حكومه‌تێكیش له به‌غدا پێكبهێنرێت، به‌بێ به‌شداریكردنی راسته‌قینه‌ی كورد سه‌ركه‌وتوو نابێت، پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه: بۆچی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ئێستا له رێگه‌ی دادگای فیدراڵییه‌وه ده‌یانه‌وێت كورد په‌راوێز بخه‌ن؟ ئایا ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه؟
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن:
بێگومان ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق نییه، به‌رژوه‌ندی عێراق له‌وه‌دایه كه هه‌وڵه‌كان بۆ دانوستانی سیاسی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چڕ بكرێنه‌وه، كه تێیدا گفتوگۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور رۆڵی دادوه‌ر بگێڕێت، له‌كاتێكدا مادده‌ی 140 له‌و ده‌ستووره‌دا هه‌یه كه تایبه‌ته به ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان، به‌ڵام تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه، كه پێویست بوو له ساڵی 2007 ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێ بكرابا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌كراوه و كێشه‌ی زۆر له‌و مادده‌یه دروستكراوه، هه‌روه‌ها تا ئیستا یاسای نه‌وت و گاز یه‌كلا نه‌كراوه‌ته‌وه، كه مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه و ده‌بێت یه‌كلا بكرێته‌وه، تا ئێستا ئه‌و یاسا گرنگه دانه‌ڕێژراوه، بۆ ئه‌وه‌ی كه یاسا ببێت به دادوه‌ر بۆ دابه‌شكردنی سامانه سرووشتییه‌كان چ له رووی كۆمپانیاكانه‌وه یانیش گرێبه‌سته‌كانی كڕین و فرۆشتن، تا ئێستا عێراق یاسای نه‌وت و گازی نییه، له هه‌مان كاتدا ئه‌نجومه‌نی ئیتیحادی كحه هاوتای كۆنگرێس و په‌رله‌مانه‌كانه، تا ئێستا یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه و به‌داخه‌وه یاسایێكی بۆ ده‌رنه‌كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه دروستبكرێت.. ئه‌وه‌ی ناو نراوه ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی، بۆ ئه‌وه‌ی په‌یكه‌ربه‌ندی دیموكراسی له عێراق ته‌واوبكرێت.
لایه‌نه كوردییه‌كان باسی نوێگه‌ری ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ پێشڤه‌چوون و به‌ره‌وپێشچووندان، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ش له هه‌ولێر، دهۆك، سلێمانی و ته‌واوی شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان ره‌نگی داوه‌ته‌وه و ئاوه‌دانكردنه‌وه پێشكه‌وتن تێیدا به‌رده‌وامه، له هه‌موو رووه‌كانی بازرگانی، په‌روه‌رده و بواره‌كانی دیكه پێشكه‌وتن له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، ده‌بینین كورد پێكهاته‌یه‌كی گرنگه له بونیاتنانی ده‌وڵه‌تێكی نیشتیمانی له عێراق، ئه‌وان فاكته‌رێكی گرنگن له به‌رقه‌راركردنی ئاسایش و سه‌قامگیری، وه‌ك بینیمان هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له شه‌ڕی دژ به داعش به‌شدارییان له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆردا كرد، ئه‌وان له‌و شه‌ڕه‌دا و له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ رۆڵێكی گرنگیان گێڕا. بۆیه پێویسته كێشه‌كان له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ڕێگه‌ی دانوستانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه كورد به‌شێكی گرنگن و هه‌رێمی كوردستان یاریزانێكی سه‌ره‌كی و ستراتیژییه، كه به‌رده‌وام له پێشكه‌وتنی زیاتر و زیاتردایه له ته‌واوی شاره‌كانی عێراقیش، نه‌ك ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان.
حاكم فه‌رهاد: با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی عێراق، كه داوای حكومه‌تێكی ته‌وفوقی ده‌كه‌ن، بۆخۆشت ده‌زانیت، ئه‌و جۆره حكومه‌ته له عێراق شكستی هێناوه، به تێڕوانینی تۆ وه‌ك كه‌سێكی لێكۆڵه‌ر، ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكی ته‌وافوقی وه‌ك چۆن چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌یه‌وێت له عێراق دروست بكرێت، عێراق هه‌ر له چوارچێوه‌ی یه‌كه‌مدا نامێنێته‌وه و كێشه‌كانی قووڵتر نابنه‌وه و به‌ره‌و ته‌قینه‌وه ناچێت؟
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن:
ئه‌مه مه‌ترسیداره، پێداگیركردن له‌سه‌ر حكومه‌تی ته‌وافوقی تائیفی، كه له‌ساڵی 2003ـه‌وه تا ئێستا وڵاتی به‌ڕێوه‌بردووه، گه‌نده‌ڵی دارایی ده‌چه‌سپێنن و له‌ڕێگه‌ی گه‌نده‌ڵییه‌وه كۆنترۆڵی یه‌ك ترلیۆن دۆلار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك پێشتر سه‌رۆك كۆماریش باسی كردووه، له هه‌مانكاتدا به‌شدارییان له قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاتدا كردووه و ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتیانه‌ی ده‌سه‌ڵاتیان ره‌ت كردووه‌ته‌وه، كه پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌یه كه له ده‌ستووردا هاتووه، كه‌واته ته‌وافوق له عێراق، واتا ته‌وافوقی تائیفی (مه‌زهه‌بی)، كه له دوای ساڵی 2003ـه‌وه په‌یڕه‌وی ئه‌و ته‌وافوقه كراوه، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی شاره‌كانی: به‌سره، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا، زیقار، ناسرییه، كوت، عیماره، حیلله، به‌غدا و ته‌واوی شاره‌كانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق ئه‌و جۆره به‌ڕێوه‌بردنه‌ی وڵاتیان ره‌تكردووه‌ته‌وه، سیسته‌می پشك پكشێنه‌ی تائیفی ره‌تكراوه‌ته‌وه و ده‌بێت ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی و دیموكراسی له عێراقدا هه‌بێت، ده‌وڵه‌تێك كه رێز له ده‌ستوور بگرێت و رێز له مافی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ و مافی منداڵان بگرێت، له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه بۆ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك و مافی نیشته‌جێبوون هه‌بێت.. ئێستا نزیكه‌ی 4 ملیۆن كه‌س له عێراق هه‌ن، كه ناوچه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كان ده‌ژین، 12 ملیۆن هێراقی نه‌خوێنده‌وارن، 6 ملیۆنی دیكه‌یان بێسه‌رپه‌رشتن، 10 ملیۆن له هێڵی هه‌ژاریدان، 25 ملیۆن گه‌نجی عێراق بێكارن، ئه‌م ئامارانه كاره‌ساتبارن و به‌رپرسانی حزبیی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌و ئامارانه به‌رپرسن، كه له 2006ـه‌وه تا ئێستا كۆنترۆڵی ده‌سه‌ڵاتیان كردووه، بۆیه پێویسته ئه‌و نوخبه سیاسییه گۆڕانكاریی تێدا بكرێت و ده‌سه‌ڵات به توێژێكی دیكه بدرێت، كه باوه‌ڕی به چاكسازی و ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات و جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور هه‌بێت و له كۆتاییدا به‌بێ جیاكار و پشكپشكێنه‌ی مه‌زهه‌بی و رق و كینه خزمه‌تی ده‌وڵه‌ت و بونیاتنانی ده‌وڵه‌ت بكات. به‌مشێوه‌یه ده‌وڵه‌ت بونیات ده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌مه ناكرێت به‌هۆی بوونی هه‌ندێك لایه‌نی ئیسلامی، كه باوه‌ڕیان به ده‌وڵه‌تێكی مه‌ده‌نی نییه.
ئه‌مڕۆ ده‌بینین چه‌ك به‌ربڵاوه و پشێوی و ئاڵۆزییه‌كی زۆری به‌دوای خۆیدا هێناوه.. مووشه‌كه‌كان هه‌ولێر، به‌غدا، مه‌نسور، كۆشكی سه‌رۆك كۆمار، كۆشكی سه‌رۆك وه‌زیران و ناوچه‌كانی دیكه بۆردومان ده‌كه‌ن، ئه‌مانه كێن و له‌ڕێگه‌ی كێوه ئه‌نجام ده‌درێن؟! ئه‌مانه له‌ڕێگه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كداره رادیكاڵانه‌وه ده‌كرێت، كه چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، بۆیه پێویسته چاكسازی له سیسته‌می سیاسی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاو به‌ره‌و سیسته‌مێكی دیموكراسی بنێین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌یه‌وه له ره‌گ و ریشه‌وه ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون له عێراق پێكبهێنرێت، كه به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه رێز له هه‌موو لایه‌ك بگرێت.
حاكم فه‌رهاد: د. غازی، من كاتم زۆر كه‌م ماوه، دوا پرسیارم ئه‌گه‌ر به‌كورتیش وه‌ڵامم بده‌یته‌وه سوپاست ده‌كه‌م، مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له چه‌ند رۆژی رابردوودا به راشكاوانه گوتی: گه‌نده‌ڵی و به‌رتیل وه‌رگرتن به‌ته‌واوی له عێراق بڵاوبووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت له به‌غدای پایته‌خت، هه‌روها میلیشیا چه‌كداره شیعه‌كان له بازگه‌كان ئازاری خه‌ڵكیش ده‌ده‌ن، پێتوانییه به‌م دۆخه‌وه راپه‌ڕینێك یانیش شۆڕشێك له عێراق به‌ڕێوه‌یه؟
د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن:
ئه‌وه ئه‌گه‌رێكی زۆر به‌هێزه، ئێمه باس له شۆڕشی برسییه‌كان ده‌كه‌ین، من له سه‌ره‌تاشه‌وه ئاماژه‌م پێدا، كه رێژه‌ی هه‌ژاری و برسێتی و قات و قڕی هه‌یه، بێكاری، بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی، په‌رته‌وازه‌یی، هه‌ڕه‌مه‌كی، بێسه‌رپه‌رشتان، بێوه‌ژنه‌كان و نه‌خوێنده‌واری، هه‌موو ئه‌مانه له عێراق هه‌ن، به‌ڕاستی ئه‌مانه ژینگه‌یه‌كیان دروستكردووه بۆ زیادبوونی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌مڕۆ ده‌بینین به‌شێكی دانیشتووانی عێراق ئاڵووده‌ی مادده‌ی هۆشبه‌رن، هه‌روه‌ك وه‌زیری ناوخۆ باسی لێوه كرد، ئێستا تاوانی رێكخراو له عێراق به‌ربڵاوه، ئێستا عێراق له پله‌ی یه‌كه‌می وڵاتاندایه له ریزبه‌ندی سپیكردنه‌وه‌ی پاره، له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك گرووپی رێكخراو و هه‌ندێك ورده‌كاری دیكه له عێراق هه‌ن، قاچاغچییانی مادده‌ی هۆشبه‌ر، به‌قاچاغبردنی نه‌وت له به‌سره، هه‌موو ئه‌مانه كێشه‌ن و میلیشیاكان، گرووپه چه‌كداره‌كان و حزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان لێی به‌رپرسن، كه په‌یوه‌ندییان به ئێران و لایه‌نه‌كانی دیكه‌وه هه‌یه، به‌ڕاستی ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك گرووپی لاده‌رن له یاسا، كه هیچ ئامانجێكی نیشتمانی‌یان نییه.. ئه‌مڕۆ ده‌بینین گه‌لی عێراق داوای چی ده‌كات! داوای گۆڕانكاری ریشه‌یی ده‌كات، چونكه به‌بێ گۆڕانكاری ریشه‌یی و چاكسازی، گومانم نییه كه شۆڕشی برسییه‌كان له عێراق به‌ڕێوه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیراده‌ی گۆڕانكاری بسه‌پێنن له‌ڕووی ده‌ستووری، ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه.
زۆر به‌ڕێز، د. غازی فه‌یسه‌ڵ حوسێن، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عێراقی بۆ لێكۆڵینه‌وه ستراتیژییه‌كان له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردنه‌وه له‌گه‌ڵمان بووی، زۆر زۆر سوپاس بۆ به‌شداریكردنتان له‌گه‌ڵمان، سوپاس بۆ ئێوه، شه‌وتان باش، سوپاس بۆ وه‌ڵامه راست و دروسته‌كانتان.. سوپاس بۆ ئێوه.