په‌رله‌مانی عێراق پڕۆژه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌سه‌ندكرد

سزاكه‌ی له‌ زیندانی هه‌تاهه‌تایی ده‌ستپێده‌كات تا له‌سێداره‌دان‌

دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق
دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه‌چوو و تێیدا پڕۆژه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل به‌ كۆی ده‌نگی ئاماده‌بووان په‌سه‌ند كرا.

له‌ دانیشتنه‌كه‌دا، له‌كۆی 329 كورسی په‌رله‌مانی، 275 په‌رله‌مانتار ئاماده‌بوون و پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌ تێكڕای ده‌نگی ئاماده‌بووان په‌سه‌ندكرا.

به‌گوێره‌ی ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ندكرا، له‌مه‌ودوا ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر هه‌وڵێكیش به‌و ئاراسته‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ نهێنیش بێت، ئه‌وا له‌كاتی ئاشكرابوونی سزاكه‌ی له‌ نێوان زیندانیكردنی هه‌تاهه‌تایی و له‌سێداره‌داندایه‌.

دوای ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ئاسایی كرده‌وه‌، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ په‌یامێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌ی كرد و دووپاتیكرده‌وه‌، ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێچه‌وانه‌ی بنه‌ما ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانه‌، پاشانیش په‌رله‌مانتارانی ره‌وتی سه‌در به‌ پاڵپشتی به‌شێك له‌ په‌رله‌مانتارانی كوتله‌كانی دیكه‌، پڕۆژه‌یاسایه‌كیان بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ ئیسرائیل پێشكه‌شكرد، ئه‌مڕۆش به‌ ده‌نگی 275 په‌رله‌مانتار له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندكرا.

پڕۆژه‌ یاسای قه‌ده‌غه‌كردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، گه‌وره‌ترین یاسایه‌ كه له‌ خولی ئه‌مجاره‌ی په‌رله‌مانی عێراق ره‌وایه‌تیی وه‌رگرتبێت.

H.B