"زیاتر لە 1500 حاجی کوردستان گەیشتوونەتە سعوودیە"

"هەموو حاجیانی هەرێمی کوردستانیش سەلامەتن"

حاجیانی كوردستان، ئه‌رشیڤ
حاجیانی كوردستان، ئه‌رشیڤ

K24 - هەولێر:

بەرێوەبەری گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان شێخ نیاز راغب نەقشبەندی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1500 حاجی هەرێمی کوردستان لە رێگەی هەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی گەیشتوونەتە وڵاتی سعوودیە.

هەروەها شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا توانیویانە بە شێوەیەکی رێکوپێک خزمەتی حاجیان بکەن و هەموو حاجیانیش سەلامەتن.

بەرێوەبەری گشتی حەج و عومره‌ راشیگەیاند، بڕیارە سبەی یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لەشاری مەدینەوە بگه‌نه‌ شاری مەککەی پیرۆز. ده‌شڵێت: "تیمەکانی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج وعومرە ئامادەکاریی تەواویان  بۆ پێشوازیکردن لە حاجیانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەککەدا کردووە".

بەرێوەبەری گشتی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا، تاوەکو رۆژی (چوارشەممە 22ـی حوزه‌یران / یۆنیۆی 2022) تەواوی حاجیانی هەرێمی کوردستان دەگەنە سعوودیە.

حاجیانی هەرێمی کوردستان لە شاری مەدینە خەریکی نوێژ و نزاناکانیان و رۆژانە سەردانی مزگەوتی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت دەکەن) ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆر لە حاجیانی هەرێمی کوردستان سەردانی شوێنە مێژوویی و پیرۆزەکانیان لە شاری مەدینەی پیرۆز كرد.

Fly Erbil Advertisment