چاودێری سامانی 435 به‌رپرس ده‌كرێت
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی چاودێری زیادبوونی سامانی به‌رپرسان ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق ڕایگه‌یاند" تیمه‌كانی ده‌سته‌كه‌یان چاودێری سامانی(435) به‌رپرسی گه‌وره‌ی حكومه‌ت ده‌كه‌ن تا بزانن زیادبوونی سامانه‌كانیان له‌چ ئاستێكدایه و له‌چ ڕێگه‌یه‌كه‌وه زیاد ده‌بێت.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌سته‌ی نه‌زاهه ڕایگه‌یاندووه تیمه‌كانیان له مانگی نیساندا (158) چالاكییان ئه‌نجامداوه و چاودێری چۆنیه‌تی زیادبوونی سامانی گه‌وره به‌رپرسانی حكومه‌تیان كردووه،هه‌روه‌ها له‌باره‌ی دیارده‌ی وه‌رگرتنی به‌رتیل و بڵاوبوونه‌وه‌ی له ده‌زگاكاندا به‌دواداچونیان كردووه،جگه له ڕه‌فتاری فه‌رمانبه‌رانی ده‌زگاكان له‌گه‌ڵ هاوڵاتیاندا.
ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی عێراق،ئاماژه‌ی به‌وه‌كردوه كه بۆ چاودێری ئه‌و بوارانه تیمه‌كانی زیادكردووه و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كان ده‌خه‌نه ژێر چاودێرییه‌وه،به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به‌وه نه‌داوه كه له‌و چاودێری و گه‌ڕانه و لێكۆڵینه‌وانه‌دا، چ ده‌ره‌نجامێكیان به‌ده‌ستهێناوه و ژماره‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌شیان ئاشكرا نه‌كردووه كه به‌شێوه‌ی نایاسایی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان زیادی كردووه.
ده‌سته‌ی نه‌زاهه‌ی عێراقی،ناوبه‌ناو دۆسیه له‌سه‌ر چه‌ند ده‌زگا و به‌رپرسێك ده‌خاته به‌رده‌ست كه له گه‌نده‌ڵییه‌وه گلاوون،به‌ڵام تا ئێستا هیچ ده‌ره‌نجامێكی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ڕێگه‌گرتن له‌و دیارده نه‌كردووه و هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی هاوڵاتیانی عێراقی نه‌كردووه.