گۆڕان و یه‌كێتی یه‌كده‌گرنه‌وه
هیچ لایه‌نێكی دیكه بۆ ناو ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان بانگێشت نه‌كراوه
K24 – هه‌ولێر:
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یه‌كده‌گرنه‌وه و ئێستا هه‌ردوو لایان سه‌رقاڵی كاركردنن بۆ یه‌كگرتنه‌وه و ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌ركردایه‌تییه هاوبه‌شه‌كه‌شیان بۆ زه‌مینه‌سازییه تا ده‌گه‌نه قۆناغێكی پێشكه‌وتوو له جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌كه‌ی نێوانیان.
كوردستان 24 له سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه‌وه زانیاری ده‌ستكه‌وتووه، كه ئێستا گۆڕان و یه‌كیتی كار له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشبردن و جێبه‌جێكردنی به‌نده‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و له‌و ڕێگه‌وه زه‌مینه‌ی یه‌كجاره‌كی یه‌كگرتنه‌وه‌یان سازده‌كه‌ن.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه یه‌كیتی و گۆڕان به‌شداری به هیچ لایه‌نێكی دیكه ناكه‌ن و هیچ هیز و لایه‌نێكی سیاسی بۆ بوون به به‌شێك له‌و ڕێككه‌وتنه بانگێشت نه‌كراوه،چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و ڕێككه‌وتنه سیاسییه بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانه و ناكرێت هێز و لایه‌نی سیاسی دیكه بخرێته ناو چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنیكه‌وه كه ئامانجی سه‌ره‌كی یه‌كگرتنه‌وه‌ی نێوان دوو حزبی سیاسی دیكه و ناكرێت به حزبه‌كان بگوترێت وه‌رن ببن به‌به‌شێك له ئێمه كه خۆمان ده‌بینه‌وه به‌یه‌ك.
هه‌رچه‌نده لیژنه‌ی سیاسی هاوبه‌شی نێوان یه‌كێتی و گۆران.سه‌ردانی زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه و له به‌ندێكی ڕێككه‌وتنه‌كهی نێوانیشیاندا ده‌رفه‌ت دراوه بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی دیكه بێته ناو ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌وه،به‌رپرسانی یه‌كێتی و گۆڕان و لیژنه‌ی سیاسی نێوانیان داوای پاڵپشتی و هاوكاری لایه‌نه‌كانی دیكه‌یان ده‌كردوو و دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌تیان له‌و باره‌یه‌وه سازكرد،به‌ڵام كوردستان 24 ئه‌وه‌ی زانیوه كه به فه‌رمی بانگێشتی هیچ هێز و لایه‌نێك نه‌كراوه تا ببێت به به‌شێك له‌و ڕێككه‌وتنه و له‌گه‌ڵ ئه‌و دوو حزبه‌دا پێكه‌وه كار بۆ جێبه‌جێكردنی به‌ند و بڕگه‌كانی ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان بكه‌ن، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا ڕێككه‌وتنه‌كه تایبه‌ته به یه‌كێتی و گۆڕان.
به‌پێی زانیارییه‌كان هاوپه‌یمانی نێوان فراكسیۆنه‌كانی یه‌كێتی و گۆڕان له په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شێكه له هه‌نگاوی یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌یان و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی و كادیره‌كانی ڕاگه‌یاندنی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و كادیره‌كانی گۆڕان له چوارچێوه‌ی ئه‌و هه‌وڵ و هه‌نگاوانه‌دایه.

هه‌ر چه‌نده تا ئێستا هیچ زانیارییه‌ك له‌سه‌ر چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و دوو حزبه له پاش یه‌كگرتنه‌وه‌یان ئاشكرا نه‌كراوه، به‌ڵام جموجوڵه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان ئاماژه‌یه‌كن كه له قۆناغی پاش یه‌كگرتنه‌وه‌كه‌شیان ڕۆڵی سه‌ره‌كی له به‌ڕێوه‌بردنیدا ده‌بێت.
قسه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌باره‌ی كۆتایهێنان به تاكڕه‌وی له بڕیاری سیاسی‌دا په‌یوه‌ندی به‌و هه‌وڵانه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌كه‌ی و یه‌كێتییه‌وه هه‌یه،كه پاش یه‌كگرتنه‌وه‌یان ده‌یانه‌وێت به سه‌نگێكی دیكه له بڕیاری سیاسی و پرۆسه‌ی حوكمڕانی وڵات‌دا ببنه خاوه‌ن بڕیار.
كادیرێكی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه كوڕی یه‌كێك له بڕیار به‌ده‌سته‌كانی ئه‌و حزبه‌یه،له‌باره‌ی هه‌نگاوه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاوه نوسیویه‌تی، دوای ڕه‌مه‌زان و جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان، سوپرایز و هه‌نگاوه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌بینن.
ئه‌وه‌ی تا ئێستا له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی یه‌كێتی و گۆران وه‌ستاوه و نایه‌وێت له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی ئه‌و دوو لایه‌نه كۆببێته‌وه، پارتی دیموكراتی كوردستانه و هه‌ر زوو بڕیاریدا پێكه‌وه ئه‌و دوولایه‌نه نه‌بینێت و له‌گه‌ڵیان كۆنه‌بێته‌وه،به‌ڵام به‌رده‌وام یه‌كێتی و گۆڕان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه ڕێگایه‌ك بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بدۆزنه‌وه.
له‌وباره‌یه‌وه ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تییه هاوبه‌شه‌كه ڕایگه‌یاندبوو كه به‌نوسراوێك داوای دیاریكردنی واده‌یه‌ك بۆ كوبوونه‌وه‌ی نێوانیان له‌گه‌ڵ پارتی ده‌كه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه ئه‌نجام نه‌دراوه.
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دوای جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌وكاتی یه‌كێتی، له 25/7/2009 وه‌ك بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خۆی ڕاگه‌یاند و له دوو خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ساڵه‌كانی(2009 و 2013 )به‌شداری له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كرد.
له ڕێككه‌وتی 17/5/2016 پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له ده‌ره‌وه‌ی وڵات به ئاماده‌بوونی جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕێككه‌وتنێكی سیاسی له نێوان هه‌ردوو حزبدا واژۆ كرا.