موقته‌دا سه‌در سه‌لماندی به‌بێ ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دانانرێت
محه‌مه‌د ئیحسان

K24 - هه‌ولێر:
محه‌مه‌د ئیحسان، چاودێری سیاسی رایگه‌یاند، له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه ملیۆنییه‌كه سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو به‌بێ موقته‌دا سه‌در یه‌كلا ناكرێته‌وه.
له‌باره‌ی ئاماده‌نه‌بوونی سه‌در له هه‌ینی ملیۆنی، محه‌مه‌د ئیحسان گوتی: موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دوێنی رایگه‌یاندبوو، له كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه ملیۆنییه‌كه خۆی ئاماده ده‌بێت ، یان كه‌سێكی دیكه وه‌كو نوێنه‌ری دیاریده‌كات، به بۆچوونی من ئاماده‌نه‌بوونی سه‌در به‌هۆی ره‌چاوكردنی لایه‌نی ئه‌منی بووه.
گوتشی: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و ژماره زۆره‌ی لایه‌نگرانی سه‌در له شه‌قامێكی به‌غدا، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، عێراقییه‌كان له ژیانی خۆیان بێزارن، له نوخبه سیاسییه‌كان بێزارن، سه‌در ویستی ئه‌وه بگه‌یه‌نێت، له لایه‌نه‌كانی دیكه چالاكتره و ده‌توانێت زۆرترین خه‌ڵك بهێنێته سه‌ر شه‌قامه‌كان، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه، قه‌باره‌ی هێزی ره‌وته‌كه‌ی چه‌نده، پێموایه ئاماده‌نه‌بوونی له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی به‌شداری كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌رییه ملیۆنییه‌كه‌ی نه‌كردووه.
باسی له‌وه‌ش كرد، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، موقته‌دا سه‌در گه‌وره‌ترین سه‌ركرده‌ی سیاسی شیعه‌یه، هه‌رچه‌نده بۆچوونی ئه‌وه هه‌بوو، كه خه‌ڵكێكی زۆر نایه‌نه سه‌ر شه‌قامه‌كان و سه‌در ناتوانێت خه‌ڵك كۆبكاته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه روونبووه‌وه، تا ئه‌مڕۆ دوای كشاندنه‌وه‌ی 73 په‌رله‌مانتاری كوتله‌كه‌ی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له لێكه‌وته سیاسییه‌كاندا له شه‌قامی عێراق ده‌شێت موقته‌دا سه‌در ژماره یه‌ك بێت، ئه‌وه په‌یامێكه بۆ لایه‌نه‌كانی دیكه، ناتوانن به‌بێ سه‌در كارێك بكه‌ن، هه‌ر كاتێك سه‌در بیه‌وێت؛ ده‌توانێت لێیان تێكبدات.
نیشاندانی هێز
محه‌مه‌د ئیحسان راشیگه‌یاند، ده‌كرێت ئه‌و كۆبوونه‌وه جه‌مارییه ئه‌ومان به‌بیربێنێته‌وه، كاتێك له ساڵی 1960 عه‌بدولكه‌ریم قاسم توانی یه‌ك ملیۆن كه‌س بهێنێته سه‌ر شه‌قام، ئه‌مه هه‌مان دیمه‌نه، كه به‌های هێزی موقته‌دا سه‌درمان نیشان ده‌دات.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، لایه‌نه سیاسییه‌كانی دیكه ناتوانن سه‌در فه‌رامۆش بكه‌ن، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در خۆی سه‌لماندووه، كه تا ئه‌مڕۆ شه‌قامی شیعه له عێراق له‌ژێر كۆنترۆڵی سه‌ماحه‌تی موقته‌دا سه‌در دایه.
له‌باره‌ی پۆشینی ره‌نگی سپی و داواكردنی كفنی سپی له لایه‌نگره‌كانی سه‌در، محه‌مه‌د ئیحسان روونیكرده‌وه، ئه‌مه په‌یامێكی ئاشكرایه، هه‌ندێك لایه‌نه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی به جیدی له‌گه‌ڵ سه‌درییه‌كانن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وانه له هه‌ناوی ره‌وتی سهدروه ده‌رچوون، بۆ نموونه، هه‌یه پێشتر چایچی بووه، ئه‌مڕۆ بووته سه‌ركردیه‌كی میلیشیاكان، ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی روونه و په‌یامێكه بۆ ئێران، كه بۆ كاروباری عێراق زیاتر ده‌ستی خۆیان درێژ نه‌كه‌ن، كاریگه‌رییه‌كی خراپتر درووست نه‌كه‌ن، له‌و ره‌وشه‌ی ئێستا وڵاته‌كه تێیدایه.
روونیشكرده‌وه، په‌یامێكیشه بۆ هه‌ندێك لایه‌نی دیكه‌ی شیعه، وه‌ك نووری مالیكی، تا شتێك نه‌كات و خه‌ڵكه به‌كاربهێنرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌قامگیری عێراق و هه‌رێمی كوردستان و سوننه و نوخبه‌ی سیاسی، ئه‌مڕۆ موقته‌دا سه‌در ئه‌وه‌ی دیاركرد، ده‌توانێت جارێكی دیكه كۆنترۆڵی كاره‌كان وه‌ربگرێت و كه‌س نه‌توانێت به‌بێ ئه‌و هه‌نگاو بنێت.
كفنی سپی
محه‌مه‌د ئیحسان بۆچوونی وایه پۆشینی كفنی سپی مێژوویه‌كی كۆنی هه‌یه و گوتیشی: له‌به‌ركردنی كفن جاری یه‌كه‌م نییه، له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێنیش باوكی موقته‌دا سه‌در كفنی سپی پۆشی، چه‌ند جارێك ئه‌و كاره‌ی كردووه، تا له‌سه‌ر ده‌ستی داروده‌سته‌ی سه‌دام شه‌هید كرا، ئه‌مڕۆش هه‌مان ره‌وته، هه‌مان قوتابخانه‌یه، هه‌مان بۆچوون و رێبازه.
گوتیشی: ئه‌نجامدانی ئه‌و كۆبوونه‌وه ملیۆنییه، په‌یامێكه، به تایبه‌تی بۆ نووری مالیكی، ئه‌گه‌ر نیازی ئه‌وه‌ی هه‌بێت، خۆی بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو بپاڵێوێت؛ ئه‌وا رێگه‌ی پێنادات، ئه‌وه دوای ئه‌وه‌ی ره‌وتی سه‌در له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كشایه‌وه و چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه نیازی ئه‌وه‌یان هه‌بێت تا 20ی ئه‌م مانگه‌ی حكومه‌تی نوێ پێكبهێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ر دزه‌كردنی ده‌نگی مالیكی نه‌بووایه، یان ئه‌و نوێژی هه‌ینی ملیۆنی ئه‌نجام نه‌درابووایه، نیازی ئه‌وه هه‌بوو 20ی مانگ حكومه‌تی نوێ پێكبهێنرێت، كاره‌كه به‌مشێوه‌یه ده‌بوو، كورد هات یان نه‌هات، سه‌در به‌شداری بكات، یان نه‌یكات، ئه‌وان حكومه‌تیان پێكده‌هێنا، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه‌یان پێناكرێت.
ئه‌و چاودێرییه سیاسی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، ناكۆكی له‌نێوان لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی زۆر بووه، هادی عامری له كاندیدكردنی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران كشاوه‌ته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتووه، به‌بێ سه‌درییه‌كان ناتوانێت سه‌ركه‌وتوو بێت، نووری مالیكی-یش ناتوانێت ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ده‌یه‌وێت كه‌سێك ببێته سه‌رۆك وه‌زیران، كه له ژێر باڵی ئه‌و بێت، تا دێت ناكۆكییه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی زۆرتر ده‌بێت.
تۆماری ده‌نگی
له‌باره‌ی تۆماره ده‌نگییه‌كه‌ی نووری مالیكی محه‌مه‌د ئیحسان باسی له‌وه كرد، ئه‌وه ده‌نگه هه‌رچه‌نده له‌لایه‌ن مالكییه‌وه ره‌ت ده‌كرێته‌وه و نكۆڵی له‌وه ده‌كات ده‌نگی ئه‌و بێت، به‌ڵام ده‌نگه‌كه هی ئه‌وه و هه‌مان بۆچوونی مالیكییه له‌سه‌ر سه‌در و كورد، ئه‌مه قسه‌ی ئه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دوبلاژكراویش بێت، ئه‌وه بۆچوونی ئه‌وه له‌سه‌ر ره‌وشی سیاسی.
باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌مه نیشانی ده‌دات، ناكۆكی قووڵ له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان هه‌یه، زۆر له‌وه ئاڵۆزتره، كه پێشبینی ده‌كرا، بۆیه ئه‌و بۆچوونه‌یه هه‌یه، جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردن بكرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ڵبژاردن به هه‌مان یاسا و به هه‌مان كۆمیسیۆن، هه‌مان ئه‌نجامی ده‌بێت، ره‌نگه خراپتریش بێت، ئه‌وه‌ی بۆ كورد گرنگه، یاسای هه‌ڵبژاردن و كۆمیسیۆن هه‌موار بكرێته‌وه.
محه‌مه‌د ئیحسان دووپاتی كرده‌وه، به‌و یاسایه‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌و شێوازه كاركردنه‌ی كۆمیسیۆن، كه تا ئێستا روون نییه، ئایا گه‌وره‌ترین كوتله‌ی په‌رله‌مانی به‌ر له ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكرێت، یان دوای هه‌ڵبژاردن و له‌ناو په‌رله‌مان دیاری بكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووننهكرێتهوه، هه‌موو جارێك دوای هه‌ڵبژاردن دووباره ده‌بێته‌وه.