تۆپبارانەکەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ و کاردانەوەکانی

"عێراق بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە"

K24 - هەولێر:

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاوینەهەوارێكی سنووری ناحیەی دەرکاری سەر بە قەزای زاخۆ تۆپبارانکرا و لە ئاکامدا ژمارەیەك گەشتیار بوونە قوربانی و زۆرینەیان دانیشتووی ناوەڕاست و باشووری عێراق بوو.

لەم هێرشەدا 9 هاووڵاتی شه‌هید بوون و 29 هاووڵاتی دیكەش‌ بریندار بوون، یەکێك لە شەهیدەکان منداڵێکی تەمەن یەك ساڵە و ئەوانی دیکەش چوار کچ و چوار کوڕ بوون.  

هێرشەکە هەر زوو کاردانەوەی رای گشتی و لایەنە سیاسییەکانی بەدوادا هات و هەموویان ئیدانەی هێرشەکەیان کرد.

لەو نێوەندەشدا، موستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتیکردەوە هه‌ر لایه‌نێك‌ خاكی عێراق دژی وڵاتێكی دیكه‌ به‌كاربهێنێت و گوتیشی: "عێراق بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی، مافی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانەی هەیە".

راستەوخۆ دوای تۆپبارانەکە، پەنجەی تۆمەتەکان ئاراستەی سوپای تورکیا کرا و ئاڵای ئەو وڵاتە لە نووسینگەی پێدانی ڤیزا لە نەجەف هێنرایە خوارەوە و هەمان ئاڵا لە بەغدا و کەربەلا سووتێنرا.

ھێنانە خوارەوەی ئاڵای تورکیا لەسەر باڵەخانەی پێدانی ڤیزای تورکیا لە نەجەف
ھێنانە خوارەوەی ئاڵای تورکیا لەسەر باڵەخانەی پێدانی ڤیزای تورکیا لە نەجەف

بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق، داوای داخستنی باڵیۆزخانەی تورکیایان لە حکومەت کرد و دژی هێرشەکە لە چەند شوێنێک خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

دیمه‌نێكی خۆپیشاندانه‌كان
دیمه‌نێكی خۆپیشاندانه‌كان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سەبارەت بە هێرشەکە بەمجۆرە هاتە دەنگ، "تۆپبارانکردنی سەرەڕۆییانەی هاوینەهەوارێکی زاخۆ لەلایەن هێزەکانی تورکیا کە چەندین کەسی سیڤل بوونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم".

.

لە وەڵامی ئەو کاردانەوەنەدا، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند،"بۆ ده‌ركه‌وتنی راستییه‌كان، ئاماده‌ی هاوكارین، توركیا ناوچه‌ی مه‌ده‌نی ناكاته‌ ئامانج".

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا پەنجەی تۆمەتەکان ئاراستەی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "بەپێی هەڵسەنگاندمان ئه‌م هێرشه‌ له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ كراوه، راگه‌یه‌ندراوه‌كانی حكومه‌تی عێراقیش له‌ ژێر كاریگه‌ری په‌كه‌كه‌یه".

کاردانەوەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی

وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "ئاگاداری هێرشەکانی تورکیاین بۆ سه‌ر هەرێمی کوردستان، هێرشەکان پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانن".

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش له‌ عێراق رایگەیاند، تۆپبارانكردن له‌ عێراق رێگه‌یه‌كی مه‌ترسیداره‌، لە‌ ڕێیەوە ده‌وڵه‌تی عێراقی پێوەی لاواز ده‌كرێت.

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، داوای له ‌هه‌موو لایه‌نه‌كان کرد ده‌ستبه‌جێ ئه‌م پێشێلكاریانه‌ رابگرن.

لەلایەکی دیکەوە، کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە ھەولێر لە تویتێکدا رایگەیاند، "بە هەواڵی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانی مەدەنی لە پەرخ زۆر تاساین و دڵتەنگ بووین. بیرمان لای برینداران و کەسوکاری ئەو کەسانەیە کە کوژراون. هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی پاساو هەڵناگرێت، پێویستە لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە بکرێت و بەرپرسیاران لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت."