ئایدن مەعروف: حکومەتی هەرێم هۆکاری سەرەکی دروستبوون و بەردەوامی پێکەوەژیانە

"راپۆرتى تایبەتمان بە رەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە"

K24 - هه‌ولێر:

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان لەم سێ ساڵەدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان كردووه‌ و راپۆرتى تایبەتمان بە رەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە.

ئایدن مەعروف گوتی: هەرێمى کوردستان لە چەند پێکهاتەیەکى نەتەوەیى و ئایینى پێکدێت، پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان وایکردووە، ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە. لە ماوەی کارکردنمان بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد.

گوتیشی: جێگەی دەستخۆشی و شانازییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هۆکاری سەرەکییە لە دروستبوون و بەردەوامی ئەم پێکەوەژیانە، ئەمەش وا دەکات سەقامگیرى سیاسی و ئاشتى کۆمەڵایەتى لە نێو کۆمەڵگە ره‌نگ بداته‌وه‌.

وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان روونیكرده‌وه‌، لەگەڵ دەستبەکاربوونمان وەک وەزیری هەرێم بۆ "کاروباری پێکهاتەکان"، لە ماوەى ئەم سێ ساڵ کارکردنماندا سەردانى مەیدانى شوێنە ئایینى و کولتورییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کراوە، بەشێکى زۆرى سەردانەکان بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان پێکهاتەکان و پێکەوەژیانى ئاشتیانە و گوێگرتن لە داواکاریی هاووڵاتیانى سەر بە پێکهاتە جیاوازەکان بووە.

روونیشكرده‌وه‌، لەم سێ ساڵەدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان، کلدان و سریانى ئاشوورى) و پێکهاتە ئایینییەکانى (مەسیحى، ئێزیدى، کاکەیى، صابیئەى مەندائى، شەبەک، فەیلى و زەردەشتى) کردووە، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان.

ئایدن مەعروف ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، بەشدارى چەندین کۆڕبەندى ئابوورى و کۆنفراسى نێودەوڵەتیمان کرد لە وڵاتى تورکیا و ستراتیژى هەرێمى کوردستان بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانەى پێکهاتەکانى تێیاندا روونکراوەتەوە، ئەمە سەرەڕاى ئەنجامدانى چەندین دیدارى میدیاى و کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانى بیانى بۆ هاندانى زیاتریان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، لە ماوەى ئەم سێ ساڵەدا کۆبوونەمان لەگەڵ بەشى هەرە زۆرى رێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و چالاکوانانى سەر بە پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام دا.

وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان باسی له‌وه‌ كرد، لەسەر ئاستى پەروەردە و فێرکردن، کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى و بەڕێوەبەران و مامۆستایانى خوێندنى هەردوو بەشى زمانى تورکى و سریانى لەسەر ئاستى ئەکادیمى کردووە.

باسی له‌وه‌ش كرد، بە مەبەستى هۆشیارکردنەوەى سەرجەم تاکەکانى پێکهاتەکان، زنجیرە  پانێلێکمان لە ژێر ناوونیشانى (شیکردنەوەى یاساى ژمارە 5ى ساڵى 2015ى یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان) بۆ نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان و بە مەبەستى زیاتر ئاشنابوون بە ماددە و برگەکانى یاساکە ئەنجام داوە.

ئایدن مەعروف ئاشكرای كرد، زنجیرە پانێلێکمان لە ژێر ناوونیشانى (رۆڵى پێکهاتەکان لە نووسینەوەى پرۆژەى دەستوورى هەرێمى کوردستان) بۆ نوێنەرانى بەشێک لە پێکهاتەى (تورکمان و کلدانى سریانى ئاشوور) سازکرد.

ئاشكراشیكرد، چەندین سمینارى پەروەردەییمان بۆ پێکهاتەى تورکمان و کلدانى سریانى ئاشوورى ئەنجام دا و بەردەوام بەشداریمان لە یاد و  مەراسییمەکانى ساڵیادى رۆژى رۆژنامەگەرى تورکمان و کلدانى  و سریانى و ئاشوورى  و هەروەها مەراسیمى کردنەوى ماڵى کولتوورى تورکمانى لە قەڵاى هەولێر کرد.

ئاشكراشیكرد، راپۆرتى تایبەتمان بە رەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە و زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان هەر لەم بارەوە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجام داوە.