کەسوکاری پێشمەرگەیەک: کوڕەکەمان لەلایەن هێزێکی حەشدی شەعبییەوە لووتی شکێندراوە و سمێڵی تاشراوە

"لە مافی خۆمان خۆشنابین و داوای پشتیوانی لە سەرکردایەتیی کورد دەکەین"
ئەیمەن عەبدین، پێشمەرگەی لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای "ئەشکەنجەدانی"
ئەیمەن عەبدین، پێشمەرگەی لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە، دوای "ئەشکەنجەدانی"

K24 – كەركووك:

کەسوکاری پێشمەرگەیەکی لیوای نۆی وەزارەتی پێشمەرگە، لە سنووری شارەدێی ئامرلی لە سنووری قەزای خورماتوو دەڵێن، "کوڕەکەمان لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەستگیرکراوە، دوای ئەشکەنجەدانی لووتی شکێندراوە و سمێڵی تاشراوە".

ئەمڕۆ (23ی تەمووزی 2022) نازم جاسم كاكەیی، سەبارەت بە رووداوەكە بە كوردستان24ی گوت، (ئەیمەن عەبدین)ی برازای کە پێشمەرگەیە و لە هەمانکاتدا لە سنووری ئامرلی وەک کرێکار لەگەڵ وەبەرهێنەرێک کاریکردووە، لەلایەن هێزێکی حەشدی شەعبییەوە ئەشکەنجەدراوە.

لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، جاسم کاکەیی گوتی "لەكاتی كاركردن و دوای درووستبوونی دەمەقاڵە لەگەڵ چەند كرێكارێكی دیکەدا، كە حەشدی شەعبی بوون و سووكایەتیان بە پێشمەرگە كردووە، برازاكەی وەڵامی داونەتەوە، دواتر ئەوان پەیوەندییان بە هێزێكی حەشدی شەعبییەوە كردووە و دوای لێدانێكی زۆر، سووكایەتی پێدەكەن و سەر و سمێڵیشی دەتاشن".

بەگوتەی مامی ئەو کەسەی هێرشیکراوەتەسەر، لای ئەوان (وەک کاکەییەکان) سمێڵ سیمبولێکی تایبەتە، ئەو کارەش وەک "سووکایەتیکردن و ئەتککردن" بە سمبولەکەیان ددادەنێن و ئەوانەش کە کارەکەیان ئەنجامداوە ناسراون و "سەر بە فەوجی، مەهدی تەقی پەرلەمانتاری حەشدی شەعبین" کە خەڵكی ئامرلییە.

کەسوکاری گەنجەکە باسیان لەوەشکردوە، ئەوان لە مافی خۆیان خۆشنابن و بە پێویستی دەزانن سەرکردایەتی کورد و وەزارەتی پێشمەرگە، پشتیوانییان بکەن بۆئەوەی مافی خۆیان وەربگرنەوە.

"ئەیمەن عەبدین" له‌لایه‌ن ژماریه‌ك چه‌كداری حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ سووكایه‌تی پێده‌كرێت