مەسرور بارزانی هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی ئێران دەردەبڕێت

20 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، هاوخەمی خۆی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی لافاوەکانی ئێران دەردەبڕێت.

ئەمڕۆ شەممە 23 ی تەمموز، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی  لە پەیامێکدا بۆ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ئيبراهيم رەئیسی، هاوخەمی خۆی لەگەڵ زیانلێکەوتووان و لێقەوماوانی لافاوەکانی شاری ئیستهبانی سەر بە پارێزگای فارس-ی کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چەندین کەس.

ئاماژەی بەوەشدرا، لە پەیامەکەیدا، مەسرور بارزانی، پرسە و هاوخەمی خۆی بە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و خەڵکی ئێران بە گشتی گەیاند، بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە و هیوای خواست، خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بكات و سەبر و ئارامییش بە کەسوکاریان ببەخشێت.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمی ئێران (İRNA)، خەلیل عەبدوڵڵاھی بەڕێوەبەری ناوەندی بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی پارێزگای فارس، سەبارەت لافاوەکە گوتی: "لە کۆی 23 کەس 20 کەس لە لافاوەکانی دەوروبەری شارەکانی ئیستەهبان و داراب سەربە پارێزگای فارس گیانیان لەدەستدا، سێ کەس بێسەروشوێن بوون و 15 ئۆتۆمبێلیش ژێر ئاو کەوتن.