لە رانیە ئۆتۆمبێلێک لە رێگەی درۆنەوە کرایە ئامانج
"دەگوترێت دوو چەکداری پەکەکە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون"
K24 - هەولێر
لە رێگەی درۆنێکەوە ئۆتۆمبێلێک لە قەزای رانیە کرایە ئامانج، دەگوترێت ئۆتۆمبێلەکە هی چەکدارانی پەکەکەیە و دوو چەکداری تێدا بووە.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە رانیە رایگەیاند: "ئۆتۆمبێلەکە لە رێگای رانیە – چوارقوڕنە کە بە رێگا "قائید" ناسراوە کراوەتە ئامانج. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوونە و یەکێکیان بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رانیە و چارەنووسی ئەوەی تر دیار نییە".
گوتیشی: "زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو دوو کەسەی لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، چەکداری پەکەکە بوون".
شایەتحاڵەکان بە پەیامنێری کوردستان24یان گوتووە، پێش دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانەوە دەنگی فڕۆکە هاتووە.
پەیامنێرمان پەیوەندی بە لایەنە ئەمنییەکانی ناوچەکە کردووە، بەڵام ئامادە نەبوون لێدوان لەسەر رووداوەکە بدەن و گوتوویانە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار بەرپرس و چەکدارانی پەکەکە لە بناری قەندیل و دەروبەری رانیە لەلایەن تورکیا کراونەتە ئامانج، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ یەکەم جارە لەناو شار رووبدات.