بارسێلۆنا 5 ـ 0 له چێڵسی بردهوه
ئەم هاوینە وەرزی بارسێلۆنایە، بلاوگرانا پێنج بە هیچ لە چێڵسی بردەوە و سەرۆک و دەستەی کارگێڕی حاڵیان لە دەستی خوان لاپۆرتا و دەستەی کارگێڕی بارسا پەرێشانە.
بە درێژایی مانگی رابردوو هەر هەفتەیەک بارسێلۆنا گورزێکی لە چێڵسی دەوەشاند، سەرەتا بلاوگرانا بە گواستنەوەی ئاندریاس کریستیێنسن دەستیپێکرد، ئەو بەرگریکارە دانیمارکییەی بە گرێبەستێکی ئازاد بردە ریزەکانی و یەکەم گرەوی لە چێڵسی بردەوە.
بەرگریکارە دانیمارکییەکە هەر زوو پێش کرانەوەی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتبووە رێککەوتن و گرێبەستەکەی لەگەڵ بلووز نوێ نەکردەوە.
دوای کریستیێنسن نۆرەی عوسمان دێمبلی بوو، گەرچی هێرشبەرە فەرەنسییەکە گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا کۆتایی هاتبوو، ببووە یاریزانێکی سەربەست، یانهی چێڵسی گرێبهستێكی گرانبههای بۆ ئاماده كردبوو، بەڵام لەناکاو هەموو شتێک گۆڕا و بلاوگرانا دێمبلی رازیکرد گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە و ئۆفەرەکەی چێڵسی رەتبکاتەوە، لەکاتێکدا لە سەرەتای ئەمساڵ پەیوەندی نێوان دەستەی کارگێڕی بارسا و دێمبلی بە تەواوەتی تێکچوو، یانە کەتەلۆنییەکە داوای لە عوسمان کرد یانەیەکی دیکە بۆ خۆی بدۆزێتەوە.
ئەمجارەیان نۆرەی رافینیا بوو، گەرچی چێڵسی ئۆفەرێکی بە بڕی ٦٠ ملیۆن پاوەند پێشکەشی لیدز یونایتد کردبوو، هەردوو یانەکەی پرێمەرلیگ لەبارەی یاریزانە بەڕازیلییەکە گەیشتبوونە رێککەوتن، بەڵام رافینها کە لەوەتەی مانگی فێبرایەرەوە لە رێگای دیکۆ بەڕێوەبەری کارەکانییەوە لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتبووە رێککەوتن، رەتیکردەوە ئامادە بچێتە ریزەکانی بلووز، دواجار لیدز یونایتد بە ناچاری لەگەڵ بارسێلۆنا گەیشتە رێککەوتن و رافینها بەرامبەر ٥٨ ملیۆن یۆرۆ چووە بارسێلۆنا.
چێڵسی لە سەرەتای ئەم هاوینەوە هەوڵی دەدا رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بباتە ریزەکانی بۆ ئەوەی شوێنی رۆمێلۆ لۆکاکۆ بگرێتەوە، بایرن میونشنیش ئارەزووی دەکرد لیڤا بفرۆشێتە بلووز، بەڵام هێرشبەرە پۆڵەندییەکە کە لە یانە باڤارییەکە یاخی ببوو، ئامادە نەبوو جگە لە چوونی بۆ بارسێلۆنا گفتوگۆ لەبارەی ئۆفەری هیچ یانەیەکی دیکەوە بکات، لیڤا بەرامبەر ٥٠ ملیۆن یۆرۆ گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆکرد و جارێکی دیکە بلاوگرانا لە بلووزی بردەوە.
گواستنەوەی کۆندی دوایین و کوشندەترین لێدانی بارسێلۆنا بوو لە چێڵسی بدات، چێڵسی ئۆفەرێکی بە بڕی ٥٠ ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی سێڤییا کرد و هەردوولا گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام کۆندی چاوەڕێی بارسێلۆنای دەکرد، ئەو بەرگریکارە فەرەنسییە تا دوایین ساتەکان چاوەڕێی دەکرد بارسێلۆنا و سێڤییا بگەنە رێککەوتن و وەکو خۆی دەڵێت هەر لە سەرەتاوە بارسێلۆنای هەڵبژاردبوو.
گەرچی هەمووان چاوەڕێیان دەکرد چێلسی گرێبەستی کۆندی رابگەیەنێت، لەناکاو ماتیۆ ئەلیمانی و هاوڕێیەکانی سێڤییان رازیکرد و گرێبەستی کۆندییان یەکلاکردەوە، بارسێلۆنا پێنجەمین گۆڵی لە چێڵسی کرد.