کۆنسوڵی گشتی هۆڵەندا بۆ سەرۆک بارزانی: هۆڵەندا ئامادەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم هاوكار و هەماهەنگ بێت

"لە داهاتووشدا هەروەك دۆستی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە"

سەرۆک مەسعود بارزانی و هانس ئەكەربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر
سەرۆک مەسعود بارزانی و هانس ئەكەربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر

K24 - هەولێر:

هانس ئەكەربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی کرد و پێی راگەیاند، هۆڵەندا ئامادەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێم هاوكار و هەماهەنگ بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان بە تایبەت لە بواری تەكنۆلۆژیای كشتوكاڵ و فرەچەشنكردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستاندا.

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئابی 2022، سەرۆك مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە هانس ئەكەربووم، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەولێر كرد، كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی و بە مەبەستی ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی عێراق و ئەگەرەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا بە سەرۆک بارزانی راگەیاند، شەرەفێكی گەورە بووە لە كوردستان كاری كردووە و لە داهاتووشدا هەروەك دۆستی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە.

.