سه‌در داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
له هه‌ژماری تایبه‌تی ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، ناسراو به وه‌زیری موقته‌دا سه‌در، له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، دوایین په‌یامی موقته‌دا سه‌دری بڵاوكرده‌وه، تێیدا گوتی: "ئه‌مه دوا په‌یاممه، بێتاوانی خۆم به‌رامبه‌ر خودا، باوكم و گه‌له‌كه‌م راده‌گه‌یه‌نم".
له تویته‌كه‌دا هاتووه، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بۆ دوو به‌ره دابه‌شبوونه، دەبێت له‌وه بکۆڵینەوە كه كام به‌ره زیاتر بۆ گەلی عێراق، هاوسۆزن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، رووی گوتارم ئاراسته‌ی گه‌لی عێراق به ته‌واوی پێكهاته‌كانییه‌وه به (ژن، منداڵ، گه‌نج و پیر) ده‌كه‌م، عێراق له گه‌نده‌ڵی، سته‌م، میلیشیا و پارته ده‌سه‌ڵاتخوازه‌كان رزگاربكه‌ن، ئه‌مه دواین هه‌له.
داواشیكرد، له هه‌موو پارێزگاكانی عێراقه‌وه روو له به‌غدا بكه‌ن، دواتر به‌ره‌و گۆڕه‌پانی ته‌حریر، پاشان بۆ ناوچه‌ی سه‌وز، پاڵپشتی له چاكسازی و به‌شداری له خۆپیشاندانی ملیۆنی بكه‌ن و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ماڵه‌كانتان.
ده‌شڵێت: "عێراق وڵاتی چاكسازییه، جێگه‌ی گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵكارانی تێدا نابێته‌وه".
رۆژی 25ـی ته‌مموزی 2022، چوارچێوەی هەماهەنگی (محەمەد شیاع سوودانی) بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق كاندیدكرد، به‌ره‌به‌یانی رۆژی شه‌ممه 30ـی تهمموز/ یۆلیۆی 2022، لایه‌نگرانی ره‌وتی سه‌در، دژی هه‌نگاوه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له شه‌قامی كۆمارییه‌وه به‌ره‌و ناوچه‌ی سه‌وز به‌رێكه‌وتن و به‌ربه‌سته‌كانیان لابرد و دواتر چوونه ناو باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مانی عێراق.
مسته‌فا كازمی داوای له خۆپیشانده‌ران و هێزه ئه‌منییه‌كان كرد، ئارامی بپارێزن و دان به خۆیاندا بگرن.
دواتر محەمەد حه‌لبووسی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق، هەڵپەساردنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی به‌هۆی خۆپیشاندانه‌كانه‌وه راگەیاند.
رۆژی شه‌ممه‌ش 6ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022 باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران راده‌ستی هێزه ئه‌منییه‌كان كرایه‌وه.
دوێنێ هه‌ینیش له‌سه‌ر داوای لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در، خۆپیشاندان له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو، جیا له‌وه‌ش هێزی مه‌ده‌نی و دیموكراتی له عێراق، خۆپیشاندانی له دژی سیاسه‌تی پشكپشكێنه و میلیشیاكان، سازكرد.