ئەنجوومەنی دادوەری عێراق وەڵامی داواکەی سەدری دایەوە
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لە وەڵامی داواکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، "دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانمان نییە".
دوای ئەوەی موقتەدا سەدر داوای لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق کرد پەرلەمانی عێڕاق هەڵبوەشێنێتەوە، ئەنجوومەنەکە ئاشکرایکرد، دەسەڵاتی ئەوەیان نییە پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە، داواشیکرد دادگا تێكەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکەن.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئەنجوومەنی دادوەری عێراق پێشنیازی هەموارکردنەوەی چەند ماددەیەکی دەستوور دەکات.
ئەنجوومەنی دادوەری راشیگەیاند، "بەهەمان دووری لەگەڵ هەموو لایەنەکان وەستاوین".
رۆژی 11ـی ئابی 2022، ئیبراهیم جابری، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینگه‌ی سه‌در له به‌غدا بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئه‌گه‌ر دادگا له‌گه‌ڵ گه‌له، ئه‌وا ده‌بێت قسه‌ی خۆی بكات و په‌رله‌مان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه و واده‌یه‌كیش بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان دیاری بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ماحه‌تی سه‌ركرده ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كی بۆ دادگا دیاریكردووه، بۆ ئه‌وه‌ی دوا گوته‌ی خۆی له‌وباره‌یه‌وه بدات. ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌ل بێت ئه‌وا خودا پاداشتی بدات و ئه‌گه‌ریش له‌گه‌ڵ گه‌ل نه‌بێت، ئه‌وكات بۆ هه‌ر رووداوێك قسەی دیکەمان هه‌یه".
ئەم هەڵوێستەی ئەنجوومەنی دادوەری عێراق لەکاتێکدایە کە پێشتر بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کە سەربە دەسەڵاتی دادوەری عێراقە بەربژێربوونی هۆشیار زێباری، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق رەتکرایەوە و، فرۆشتنی نەوت و گاز لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە نادەستووری لەقەڵەمدرا.