سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لە فڕۆکەخانەیەکی پۆڵەندا بیندرا
K24 - هەولێر:
پێترۆ پۆرۆشینکۆ، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا و سەرۆکی پارتی (یەڤرۆ سولیدەرنۆست) دوێنێ شەممە 13ـی ئاب/ ئۆگەستی 2022، لە فڕۆکەخانەی وارشۆ لە پۆڵەندا بیندرا.
لە هەواڵێکی وێبسایتی "vesti"ـدا هاتووە، سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا لەلایەن چەند هاووڵاتییەکی ئۆکرانییەوە لە فڕۆکەخانەی وارشۆ بیندراوە و وێنەی ڤیدیۆی گیراوە، کە دواتر لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە.
ئاماژە بەوەش درا، پێترۆ پۆرۆشینکۆ لە فڕۆکەخانەی وارشۆ، هاوسەرەکەی و سێ پاسەوانی لەگەڵدا بووە.
لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، رۆژنامەنووسان چاویان بە سەرۆکی پێشووی ئۆکرانیا کەوت کە لە گەشتێکیدا لە لەندەن لەگەڵ هاوسەر و کوڕە بچووکەکەیدا بوو، هاوسەرەکەی کە وێنەگرتنی رۆژنامەنووسەکانی بەدڵ نەبوو، هەوڵیدا مۆبایلی یەکێک لەو پەیامنێرانە دووربخاتەوە کە دەیوست بە مۆبایلەکەی وێنەیان بگرێت.