ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەستیپێکردەوە

شوێنێ مانەوە و خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش دەستنیشانکراون

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق
ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق

K24 - هەولێر:

هەریەك لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزەکانی سوپای عێراق لە سنوورەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەی گەرمیان، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دژبە چەکدارانی داعش دەستپێکرد.

بە گوێرەی زانیارییەکانی هەرێم جاف پەیامنێری کوردستان24، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە (پێنجشەممە 18ـی ئاب) هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی لە سنووری گەرمیان دەستیپێکردووە، بەتایبەتیش لە سنووری خانەقین و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە.

ئاماژە بەوەش درا، هێزەکانی سوپای عێراق لە سنووری پاریزگای دیالە، ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستپێکردووە و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە سنوورەکانی پارێزگای سەڵاحەدین کێوماڵ دەکەن.

سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە چەند جارێك بۆ راوەدوونان و نەهێشتنی گرووپە چەکدارەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجامداوە.

ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەش بەتایبەتی بۆ ناوچە شاخاویەکانی نێوان کفری و خورماتووە، بۆ ئەو ناوچانەی چەند ساڵێکە بوونەتە پێگەی سەرەکی گرووپە چەکدارەکانی داعش.

ئۆپەراسیۆنەکە لە بەرە بەیانی زووەوە بەردەوامی هەیە و تا ئێستا هیچ زەرەر و زیانێك بەر پێشمەرگە نەکەوتووە، لە بەرانبەردا چەند تونێل و شوێنێ مانەوە و خۆحەشاردانی چەکدارانی داعش دەستنیشانکراون و دۆزراونەتەوە.