وەزیری سەدر: كۆبوونه‌وه‌ی دیالۆگی نیشتیمانی عێراقی هیچ شتێکی بۆ خەڵک تێدا نەبوو

K24 - هەولێر:

ساڵح محەمەد عێراقی ناسراو بە وەزیری سەدر، رایگەیاند، کۆبوونەوەی دیالۆگۆ نیشتیمانی کە بە سوپاسەوە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە رێکخرابوو، هیچ شتێکی بۆ خەڵکی عێراق تێدا نەبوو.

كۆبوونه‌وه‌ی دیالۆگی نیشتیمانی عێراقی دوێنێ (چوارشەممە 17ـی ئاب) لەسەر داوای مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەڕێوەچوو، بەڵام هیچ نوێنەرێکی رەوتی سەدر بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد.

وەزیرەکەی سەدر لەوبارەیەوە گوتی: کۆبوونەوەکە تەنیا چەند خاڵێکی تێدا باسکراوە، ئەوانیش "نە برسی تێر و پۆشتە دەکەن، نە هیچ شتێکی بۆ خەڵک تێدا بوو".

ساڵح محەمەد عێراقی باسی لەوەشکرد، زۆرینەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جگە لەمانەوەیان لەسەر کورسی دەسەڵات هیچ شتێکی دیکەیان بەلاوە گرنگ نەبوو، هەربۆیە هەوڵیاندا شۆڕشەکە بچووک بکەنەوە و لە داواکاریەکانی شۆڕشیان دووربکەونەوە.

وەزیری سەدر راشیگەیاند، "جگە لە هاتنەخوارەوە لەسەر ئەو کورسیانەی بە ناڕەوایی بەدەستانهێناوە، شۆڕش هیچی دیکەی لە ئێوە ناوێت".

ساڵح محەمەد عێراقی ئاماژە بە سەردانەکەی عەمار حەکیم سەرۆکی رەوتی حیکمە بۆ شانشینی سعوودیە دەدات و دەڵێت، ئەگەر ئێمە کارێکی لەوجۆرەمان بکردایە دەتانگوت، "کۆبوونەوەکە بە فشاری دەرەوە و بە ئاگاداری ئەمەریکییەکان کراوە".