ئایدن مەعرووف: پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەن سیستەمی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت

"دەبێت تایبەتمەندی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت"

ئایدن مەعرووف سەلیم وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعرووف سەلیم وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

K24 - هەولێر:

ئایدن مەعرووف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان باسی لەوەکرد، پێکهاتەکان لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن بەیەک بازنەیی بەڕێوەبچێت.

وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشداری پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان خزمەت بە پرۆسەی دیموکراسی لە کوردستان دەکات و دەبێت تایبەتمەندی پێکهاتەکان لەبەرچاو بگیرێت.

ئایدن مەعرووف گوتیشی: رەوشێکی تایبەت لە هەرێمی کوردستان هەیە و، پێکهاتەکانیش لەگەڵ ئەوەدان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەیەك بازنەیی بەشداری بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، دڵشاد شەهاب راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن کۆکن، ئەوە گرنگترین خاڵە، تەنیا وردەکاری ناو یاساکە ماوە و ئەویش لە ناو هۆڵی پەرلەماندا یەکلا دەبێتەوە.

بە پێی لێدوانی دڵشاد شەهاب، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان ئێستا لە پشوو نەبووایە، پێویست بوو یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا بوایە.

فرەبازنەیی یان یەك بازنەیی

رۆژی 10ـی ئابی 2022، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسان و بە بەشداری جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەڕێوەچوو.

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان پێشنیازی هەڵبژاردن بەشێوەی فرەبازنەیی دەکەن و دەڵێن، هەرێمی کوردستان بەسەر سەر چوار بازنەدا دابەشبکرێت، لە بەرانبەریشدا ژمارەیەك لایەنی دیکە پێیانوایە وەك هەڵبژاردنەکانی رابردوو هەموو هەرێمی کوردستان یەک بازنە بێت.

هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

رۆژی 16ـی ئایاری 2022، لەمیانەی گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا لە ھەولێر، ماتیو تولەر، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق کە بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکەی لە عێراقدا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانی دەزگا میدیاییەکانی ھەرێمی کوردستان ئەنجامیدا و نێردەی کوردستان24، تێیدا بەشدار بوو، جەختی لەوەکردەوە، واشنتن هیوادارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و رایگەیاند، "هەڵبژاردنێک ئەنجامبدرێت شەفاف بێت و، بەپێی یاسا و دەستوور بەڕێوەبچێت".

ماتیو تولەر گوتیشی: "پێموایە گرنگە بزانین هەڵبژاردنی پێشنیازکراوی ئەمساڵ چۆن بەڕێوەدەچێت".

تولەر راشیگەیاند، هانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دەدەن، پابەندبن بە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێك، خەڵکی کوردستان چاوەڕێی دەکات و ئەوەش ئەو پەیامەیە، کە گەیاندوومانەتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان".