ئیتۆ هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ئه‌فریقیا بۆ بردنه‌وه‌ی مۆندیال كاندید ده‌كات

ساموێل ئیتۆ، ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی كامیرۆنی و ئه‌فریقیا پێشبینی ده‌كات هه‌ڵبژارده‌یه‌كی كیشوه‌ره‌كه‌ی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر بباته‌وه، پێیوایه وڵاته‌كه‌ی كه كامیرۆنه یه‌كێكه له پاڵێوراوه‌كان.
له مۆندیالی 2022ـی قه‌ته‌ر، پێنج هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌فریقیا به‌شداریی ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش مه‌غریب، توونس، غانا، سه‌نیگال و كامیرۆن.
ساموێل ئیتۆ كه پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی ریال مه‌درید، بارسێلۆنا، چێڵسی و ئینته‌ر میلان كردووه و ئێستاش سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی كامیرۆنه. له چاوپێكه‌وتنێكی میدیایی دا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی TV3ـی غانا، ساموێل ئیتۆ له باره‌ی ده‌رفه‌تی بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌كانی ئه‌فریقیا بۆ بردنه‌وه‌ی نازناوی مۆندیالی قه‌ته‌ر ده‌ڵێت: هیچ به ئه‌سته‌می نابینم، ئه‌گه‌ر تیپێكی ئه‌فریقیا جامی مۆندیالی 2022 به‌رزبكاته‌وه، چونكه له كیشوه‌ره‌كه‌ی ئێمه چه‌ندان وڵاتی گه‌وره و نایابمان هه‌یه، له‌وانه، سه‌نیگال، غانا، مه‌غریب و توونس.
ئیتۆ گوتیشی: ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی غانامان بینی نزیك بوو له گه‌یشتن به قۆناغی پێشكۆتایی مۆندیال، بۆیه به نزیكی ده‌بینم ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ئه‌فریقیا مۆندیال بباته‌وه.
له مێژووی مۆندیال، ته‌نیا 3 هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌فریقیا توانیویانه بگه‌نه قۆناخی چاره‌گی كۆتایی مۆندیال، ئه‌وانیش كامیرۆن له مۆندیالی 1990ـی ئیتاڵیا، غانا له مۆندیالی 2010ـی باشووری ئه‌فریقیا، سه‌نیگال له مۆندیالی 2002 كه به هاوبه‌شی له نێوان ژاپۆن و كۆریای باشوور به‌ڕێوه‌چوو.