دادگای فیدراڵی دۆسیه‌ی وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق یه‌كلاده‌كاته‌وه
پێداچوونه‌وه‌ی كۆتایی بۆ سكاڵاكه ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر
له راگه‌یه‌ندراوێكدا دادگای فیدراڵی عێراق ئاشكرای ده‌كات، سبه‌ی چوارشه‌ممه دانیشتنی دووه‌می تایبه‌ت به چاوپێداخشاندنه‌وه به‌و سكاڵایه‌ی له‌دژی ناسر حسێن به‌نده‌ر شه‌بلی، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق تۆماركراوه به‌ڕێوه ده‌چێت.
راگه‌یه‌ندراوه‌كه ئاماژه به‌وه ده‌دات، سبه‌ی چوارشه‌ممه 24ـی ئابی 2022، پێداچوونه‌وه‌ی كۆتایی بۆ سكاڵای دوو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق ده‌كرێت، دواتر له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پاش بڕیاری دادگا، متمانه له وه‌زیری گواستنه‌وه وه‌رده‌گیرێته‌وه.
ئه‌وه‌ش روونكراوه‌ته‌وه، هۆكاری سكاڵاكه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وه‌زیری گواستنه‌وه‌ی عێراق به‌پێی مادده‌ی 77ی بڕگه‌ی 2ـی ده‌ستووری عێراق ده‌بێت بڕوانامه‌ی زانكۆی هه‌بێت، به‌ڵام ناوبراو ئاماده‌نه‌بووه بڕوانامه‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات یان ته‌عدیل بكاته‌وه، بۆیه سكاڵایان له‌دژی تۆماركردووه.