داعش دوو هاووڵاتی کوردی رفاند
تەرمی یەکێکیان بە سەربڕاوی دۆزرایەوە
K24 – کەرکووک
شەوی رابردوو چەکدارانی داعش لە سنووری کەرکووک دوو هاووڵاتی کوردیان رفاندووە، ئەمڕۆ تەرمی یەکێک لەو هاووڵاتیانە بە سەربڕاوی دۆزرایەوە.
مەهدی هادی، برای یەکێک لە رفێندراوەکانە بە کوردستان24ی گوت: "شەوی رابردوو لە رێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادار کرامەوە کە براکەم بەناوی ئارام، لەگەڵ هاوڕێیەکی دیار نەماون، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاوڕێیەکەی بە سەربڕاوی دۆزرایەوە، بەڵام تائێستا براکەی من هیچ سۆراغێکی نییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، براکەی (ئارام هادی) کە رفێندراوە خێزاندارە و باوکی چوار منداڵە و پیشەی کاسبە، بەڵام ئەو هاوڕێیەی لەگەڵی بووە کە تەرمەکەی بە سەربڕاوی دۆزراوەتەوە پێشمەرگە بووە.
بەگوتەی کەسوکاری دوو هاووڵاتییە رفێندراوەکە، شەو ئۆتۆمبێلێک و چەند ماتۆڕسکیلێک لەو ناوچە بینراون کە کوڕەکانی ئەوانی لێبووە.
ئاماژە بەوەشدەکەن، ئەو کەسەی سەری بڕدراوە پێش ئەوەی بکوژرێت سەری بڕدراوە، بۆیە ئەوان دەڵێن: "ئەوە کاری داعشە و ئێمە کێشەمان لەگەڵ کەس نییە".