سەرۆکی حکومەت سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری دەکات

داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەت بە فەرمی دەکاتەوە

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌یدا

K24 - هه‌ولێر:

ئەمڕۆ یەکشەممە 4ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، سەردانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری(DIT)ی حکومەتی کرد و لە لایەن سەرۆکی فەرمانگە هیوا ئەفەندی پێشوازی لێکرا.

سەرۆکی حکومەت، دوای ئەوەی بەشەکانی فەرمانگەکەی بەسەرکردەوە، بۆ یەکەمجار داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەتی بە فەرمی کردەوە، کە ناوەندێکی گرنگیی زانیارییەکانی فەرمانبەرانی حکومەت و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان و سیستەمێکی زانیارییە بە شێوەیەکی دیجیتاڵی پێشکەوتوو و پارێزراو کار دەکات و یارمەتییەکی زۆری دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات تا بە شێوەیەکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو، خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی هاووڵاتییان بکەن.

سەرۆکی حکومەت، وێڕای دەستخۆشی کردن لە کارمەندانی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، بۆ کارامەیی و ئاستی بەرزی پێشکەوتووی فەرمانگەکەیان، دووپاتیشی کردەوە ، کە بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەشێکی گرنگە لە پرۆسەی چاکسازی کابینەی نۆیەم کە دەبێتە هۆی برەودان بە ڕوونی و شەفافیەت و نەهێشتنی ڕووتین و بیرۆکراسی و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی خێراتر و باشتر.

سەرۆکی حکومەت گوتی، شانازی بەوە دەکەین کە خاوەنی سەنتەرێکی زانیاری پێشکەوتووی لەوجۆرەین و جێی خۆشحاڵییە، کە کارمەندان و ئەندازایاران و شارەزیانی بواری ئایتی ئەم فەرمانگەیە، دەرچووی زانکۆکانی کوردستانن و توانیویانە، ئەم سەنتەرە پێشکەوتووە دابمەزرێنن و بەڕێوەی ببەن.

سەرۆکی حکومەت، ئاماژەی بەوە دا کە ئەم سەنتەرە، یەکێکە لە بەرهەمەکانی پرۆسەی چاکسازی و هاوکارییەکی زۆری دامەزراوەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت و هاووڵاتییان بە گشتی دەکات و لە داهاتوودا بەرهەمەکەی دەبینین.

3254
43243
پقصچق
43254
435654