بەرپرسانی سەربازیی رووسیا لە ئێران "ناڕازین"

"زۆربەی درۆنە ئێرانییەکان کێشەی تەکنیکیان هەیە"

بنکەیەکی سەربازی ژێرزەمینی ئێران تایبەت بە درۆن
بنکەیەکی سەربازی ژێرزەمینی ئێران تایبەت بە درۆن

K24 – هەولێر

یەکەم کاروانی فرۆکەی بێفرۆکەوانی ئێرانی، گەیشتووەتەوە رووسیا، بەڵام زۆربەیان تووشی کێشەی تەکنیکی بوونە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەرپرسانی رووسی لێکەوتووەتەوە.

چەند بەرپرسێکی ئەمنی ئەمەریکی بە رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ـیان راگەیاندووە، کاروانی درۆنی ئێرانی رۆژی 19ـی ئاب لە رێگەی فرۆکەی بارهەڵگرەوە، بۆ رووسیا نێردراوە.

رۆژنامەکە ناوی بەرپرسەکەی ئاشکرانەکردووە، بەڵام لەسەر زاری ئەو بڵاویکردووەتەوە، "درۆنەکان لە جۆری موهاجیر 6 و شاهیدن".

بەپێی زانیارییەکانی "واشنتن پۆست"، هەر لە یەکەم رۆژەکانی گەیشتنی ئەو درۆنانە بۆ رووسیا و کارپێکردنیان، بەرپرسانی ئەو وڵاتە تووشی چەندین کێشەی تەکنیکی لە درۆنەکان بوونە و ئەمەش ناڕەزایی بەرپرسانی مۆسکۆی لێکەوتووەتەوە.

رووسیا و ئێران پەیوەندی پتەویان هەیە و بۆیە مۆسکۆ بڕیاریداوە "سەدان فرۆکەی بێفرۆکەوان" لە ئێران بکرێت.

رۆژنامەکە رایگەیاندووە، رووسەکان لە ئێران لەبارەی کارکردن بەو درۆنانە، راهێنانیان پێدەکرێت.

واشنتن پۆست نووسیویەتی، بە هۆی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا، گەمارۆی نێودەوڵەتی فراوان بەسەر رووسیادا سەپێندراوە و گۆشەگیربووە، هەر بۆیەش ئێستا مۆسکۆ وەک هاوبەشێکی ئابووری گرنگ و دابینکاری کەلوپەلی سەربازی، لە تاران دەڕوانێت.