قوباد تاڵەبانی: کێشەمان نییە کێ نەوت دەفرۆشێت
K24 - ههولێر:
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵات کۆبووەوە و تیایدا دواپێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و گازیان تاوتوێ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بەڕێوەچوو و تیایدا ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق ئامادەبوو، باس لە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت، گاز و بودجە کرا. جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ روونکردنەوەی ناوەڕۆکی ناکۆکییەکان و ئاماژەدان بە بڕیاری دادگای فیدراڵی رایگەیاند، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە کێ نەوت دەفرۆشێت، بەڵكو کێشەی ئێمە گەرەنتیکردنی بودجە، شایستە داراییەکان و مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستانە. داواشیکرد ئەمریکا لەمبارەیەوە زیاتر هاوکاربێت لە چارەسەرکردنی دەستورییانەی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی عێراق و دواین پێشهاتە سیاسییەکانی بەغدا کرا. هەردوولا هاوڕابوون کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەڕێی گفتوگۆی نیشتمانییەوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەربکەن و خۆیان بە دووربگرن لە هەر لێدوان و هەڵوێستێک کە ناکۆکی و بارگرژییەکان قوڵتر بکاتەوە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا باسی هەنگاوەکانی چاکسازی حکومەتی هەرێم کرا و تیایدا قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە حکومەتی هەرێم پێداگرە لەسەر ئەوەی پرۆسەی چاکسازی لەهەموو سێکتەرەکاندا هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێ بکات و ئاماژەی بەوەشدا کە لەماوەی رابردوودا سەرباری گرفت و بەربەستەکان حکومەتی هەرێم کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگی ناوە. داواشیکرد ئەمریکا وەکچۆن لە ماوەی رابردوودا هاوکار و پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بووە لە پرۆسەی چاکسازیدا، بۆ لەمەودواش لە هاوکارییەکانی بەردەوام بێت.