ئەمەریکا چۆن شکستی بە هواوی هێنا؟

قازانجی کۆمپانیاکە بەرێژەی لە سەدا 52 دابەزیووە

لۆگۆی هواوی و ئاڵای ئەمەریکا
لۆگۆی هواوی و ئاڵای ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

هواوی، گەورە کۆمپانیای چینی بواری بەرهەمهێنانی ئامێرە زیرەکەکان رایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، قازانجیان بە رێژەی لە سەدا 52 دابەزیووە.

هواوی راشیەگەیاند، هەر لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا، داهاتی کۆمپانیاکە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی %5.9 دابەزیووە.

- هۆکاری ئەم دابەزینە گەورەیە چییە؟

لە مانگی ئایاری 2019ـدا کۆمپانیا چینییەکە لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبارکرا بە مەترسی ئەمنی و ئاسانکاری بۆ ئۆپەراسیۆنی سیخوڕیکردنی چین بەسەر وڵاتانی دیکەوە.

کۆمیسیۆنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا لەهەمانساڵدا دەنگیدا بە قەدەغەکردنی کڕینی بەرهەمەکانی کۆمپانیاکە بە پارەی حکومەتی فیدراڵ، ئەمەش رێگری لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کرد بەرهەمەکانی هواوی لە بواری WiFi  (تۆڕی بێ تەل) بەکاربهێنن.

ئەم بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و، رێگری لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کرد سوود لە سندوقێکی حکومی وەربگرن بە بەهای 8.3 ملیار دۆلار بۆ کڕینی ئامێرەکان لە کۆمپانیا چینییەکە، سەرەڕای سکاڵاکردن و تانەدان لەم بڕیارە لەلایەن هواویەوە.

ئەمەریکا بە رێگریکردن لە بەدەستهێنانی ئەو چیپە ئەلیکترۆنیانەی کە هواوی بۆ دروستکردنی مۆبایل پشتی پێدەبەستێت، سزای کۆمپانیاکەی دا، هەروەها هواوی لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی کۆمپانیای گوگڵی ئەمەریکی بێبەش کرد.

ئەم بڕیارانە بوونە هۆی پەککەوتنێکی قورسی هواوی لە پیشەسازی مۆبایلە زیرەکەکان.

هواوی لە نیسانی 2021، لەدوای سامسۆنگ (18.8%) و ئەپڵ (14.8%)، بە رێژەی لەسەدا 13.5، سێیەم پڕفرۆشترین براندی مۆبایلی زیرەک بوو لە جیهان، بەڵام ئەمساڵ ئاستی فرۆشی دابەزیووە و لە لیستی براندە پڕفرۆشەکاندا نەماوە.

Fly Erbil Advertisment