پێشمه‌رگه كێوماڵی باكووری چیای قه‌ره‌چووغ ده‌كات
36 ئه‌شكه‌وتی چه‌كدارانی داعش دۆزراونه‌ته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
هێزێكی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له میحوه‌ری شه‌ش، له ماوه‌ی دوو رۆژدا، باكووری چیای قه‌ره‌چووغیان كێوماڵ كرد.
له‌و باره‌یه‌وه، له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24، سیروان بارزانی، فه‌رمانده‌ی ميحوه‌ره‌كه، رایگه‌یاند، له ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا، توانراوه 36 ئه‌شكه‌وتی چه‌كدارانی داعش بدۆزرێنه‌وه و بپشكێنرێن.
وتیشی: له‌و ئۆپراسیۆنه‌دا، هێزی پێشمه‌رگه توانیویه‌تی ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی جۆراوجۆر و پێداویستی درووستكردنی بۆمبی چێندراودا بگرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه به سه‌ركه‌وتوویی و به بێ هیچ زیانێك ئامانجی ئۆپراسیۆنه‌كه‌یان به‌دیهێناوه.