تورکیا: دوو چەکداری پەکەکەمان لە مەخموور دەستگیرکردووە
چەکدارەکان براونەتە تورکیا
K24 – هەولێر
دەزگای هەواڵگری تورکیا رایدەگەیەنێت، دوو چەکداری پەکەکەیان لە کەمپی مەخموور دەستگیر کردووە و بردویانن بۆ تورکیا.
ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ-ی حکومەتی تورکیا رایگەیاند "لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەزگای هەواڵگری (MİT) لە کەمپی مەخموور دوو چەکداری پەکەکەی بەناوەکانی حەتیب گونەی و ئایا ئەحمەد سولەیمان دەستگیرکران و برانەوە بۆ تورکیا".
کەمپی مەخموور کە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە کەمپی "پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی" دەناسێندرێت، زیاتر لە 12 هەزار کەس لێی نیشتەجێن کە لایەنگر و کەسوکاری گەریلاکانی پەکەکەن.
لە ماوەی رابردوودا چەندین جار ئەو کەمپە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومان کراوە و زیانی گیانی و ماڵی لێکەوتووەتەوە.