شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: دوای چله ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ست به دانیشتنه‌كانی ده‌كاته‌وه
K24 – هه‌ولێر:
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دوای چله‌ی شیعه‌كان، دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه و له یه‌كه‌م دانیشتن‌دا پرسی سه‌رۆك كۆمار تاوتوێ ناكرێت. وتیشی: سه‌درییه‌كان له پرۆسه‌ی سیاسی چوونه‌ته ده‌ره‌وه و پێویسته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كارا بكرێته‌وه و حكومه‌تێكی شه‌رعی پێكبهێنرێت بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بكات.
له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24دا، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا له باره‌ی دانیشتنی داهاتووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، دوای چله‌ی پێشه‌وا حوسێن، بڕیاره دانیشتنه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستپێبكه‌نه‌وه و نزیكه‌ی 10 رۆژه فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌وامی ئاسایی خۆیان ده‌كه‌ن و له هه‌فته‌ی داهاتوودا هه‌وڵده‌درێت دانیشتن بكرێت.
وتیشی: دانیشتنه‌كه بۆ پرسی سه‌رۆك كۆمار نییه، به‌ڵكو بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و پرسانه‌یه، كه پێشتر رێككه‌وتنیان له باره‌وه كراوه له نێوان سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌ن و كوتله‌كاندا.
هه‌روه‌ها وتی: چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی سه‌رقاڵی هه‌وڵه‌كانیانن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت و له‌و میانه‌یه‌دا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ پارتی و كوتله‌ی سیاده كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری بكه‌ن و حكومه‌ته‌كه‌یان شه‌رعیه‌تی هه‌بێت. له به‌رامبه‌ریشدا، پارتی و سیاده هه‌مان ئه‌و خاڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در قسه‌یان له‌سه‌ر كردووه، له‌گه‌ڵ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش باسیان ده‌كه‌ن و بۆ هه‌رێمی كوردستان پێویسته لێكتێگه‌یشتن له باره‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه‌وه هه‌بێت.
روونیشیكرده‌وه، هێشتا ره‌شنووسی تایبه‌ت به پێكهێنانی كابینه‌كه رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كراوه، به‌ڵام نزیكبوونه‌وه له نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا وتی: ئه‌گه‌ر چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی حكومه‌تێكی ته‌وافقی پێكبهێنێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و پابه‌ندی ده‌ستوور بێت و حكومه‌تێكی ئیستفزازی پێكنه‌هێنێت و دڵنیایی بدات به‌وه‌ی پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی بێت، ئه‌وا پارتی به‌شداری ده‌كات.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ره‌وتی سه‌در، ده‌سته سیاسییه‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه و له گۆڕه‌پانی سیاسی چالاكی نه‌ماوه، بۆیه پارتی و سیاده ماونه‌ته‌وه و لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیش سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی پارتی به‌شداری له كابینه‌كه بكات، به‌ڵام پارتی داوای دڵنیایی و به‌رچاوڕوونی كردووه.
دووپاتیكرده‌وه، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی، ته‌نیا محه‌ممه‌د شیاع سودانی وه‌ك كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران ناساندووه و وتیشی: بۆ ئێمه گرنگه كاندیده‌كه شۆڤینی و تائیفی نه‌بێت و سودانی تاقینه‌كراوه‌ته‌وه و تێبینی گه‌وره‌یشی له‌سه‌ر نییه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا وتی: پارتی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته، باسیشمان له‌وه كردووه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌بێت به قۆناغی یاسایی خۆیدا تێپه‌ڕێت و ئه‌ویش كارا كردنه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و دانانی كاتی هه‌ڵبژاردن و درووستبوونی حكومه‌تێكی شه‌رعییه كه سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات و ئه‌م حكومه‌ته كاربه‌ڕێكه‌ره و شه‌رعییه‌تی ئه‌وه‌ی نییه بتوانێت سه‌رپه‌رشتی هه‌ڵبژاردنێكی نوێ بكات.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی سه‌در، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا وتی: دیدگای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و ره‌وتی سه‌در، جیاواز بووه و ره‌وتی سه‌در ئاماده نه‌بوو به‌شداری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی قبوڵ بكات و ئێستا ره‌وتی سه‌در له پرۆسه‌كه كشاوه‌ته‌وه و له په‌رله‌مان نه‌ماون و ته‌نیا شه‌قامیان به ده‌سته‌وه ماوه و ئه‌وان بڕیاریان داوه به‌شداری له پرۆسه‌ی سیاسی نه‌كه‌ن و پێشبینیش ده‌كرێت له ساڵیادی تشرینی 2019 ئه‌و بۆنه‌یه زیندوو بكرێته‌وه و ره‌وتی سه‌دریش بچێته پاڵیان به‌ڵام هێشتا بڕیاری لێ نه‌دراوه.
له باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه، شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا وتی: بۆ كورد باشتر وایه یه‌ك كاندیدی بۆ ئه‌و پۆسته هه‌بێت، بۆ ئه‌مجاره جه‌نابی سه‌رۆك پێ‌داگر بوو، كه پێویسته كاندیدێكی كورد ببێته سه‌رۆك كۆمار پشتیوانی هه‌موو لایه‌كی هه‌بێت. به پێچه‌وانه‌وه نابێته نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستان، لایه‌نی به‌رامبه‌ریش هه‌ستیان به‌وه كردووه، به‌ڵام هێشتا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه له باره‌ی كاندیدی هاوبه‌ش و گفتوگۆ به‌رده‌وامه، له‌یه‌كتێگه‌یشتن هه‌یه و ئومێد ده‌كرێت بگه‌نه رێككه‌وتن.
له باره‌ی ره‌وتی سه‌دره‌وه، وتی: په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌در به‌رده‌وامه، ئه‌وان له گۆڕه‌پانی سیاسی نه‌ماون، په‌یوه‌ندیی نافه‌رمیمان هه‌یه و له ئاستیی كه‌سیین، چونكه ئه‌وان له پرۆسه‌كه كشاونه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كاتێك سه‌در، ده‌یویست حكومه‌ت پێكبهێنێت، رێگه‌ی نه‌دا چوارچێوه هه‌ماهه‌نگی به چه‌ند وه‌زاره‌تێكیش به‌شداری بكه‌ن، ئێستاش چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێگه به ره‌وتی سه‌در نادات و سه‌درییه‌كانیش خۆیان هیچ كاتێك ئاماده نابن بچنه حكومه‌تێكه‌وه چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی درووستی بكات.
سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، له واقیعدا بڕیاره‌كانی دادگای ئیتیحادی له هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ ناكرێن و بڕیاره‌كانی ئه‌و دادگایه سیاسیین و بڕیاره‌كان پشتیان به ده‌ستوور نه‌به‌ستووه و تا یاسای نه‌وت و غاز له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌چێت، پێویسته به رێككه‌وتن و هه‌ماهه‌نگی له نێوان هه‌ردوولا ئه‌و پرسانه چاره‌سه‌ر بكرێن.