یەکێتی تەواوی دەسەڵاتەکان دەداتە بافڵ تاڵەبانی
K24 – سلێمانی
دوای ئەوەی یەکێتی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی هەڵوەشاندەوە، بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی تەواوی دەسەڵاتەکانی حزبەکە بدرێت بە بافڵ تاڵەبانی.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی ناوخۆیی حزبەکە و هەرێمی کوردستان و پێشهاتەکانی عێراق بە سەرپەرشتی بافڵ تاڵەبانی لە کۆبوونەوەدایە.
دالیا کەمال، پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەستیپێکردووە، بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیی یەکێتییە، بەتایبەتی دوای هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، ئەو بڕگانەی تایبەتن بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە پەیڕەو لادەبرێن و دەسەڵاتەکان دەدرێن بە بافڵ تاڵەبانی، هەروەها دەستکاری کۆمەڵێک خاڵ و بڕگەی دیکەی ناو پەیڕەو کراوە، ئەو پەیڕەوە لەلایەن سێ ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەستکاری کراوە کە بریتن لە فەرید ئەسەسەرد، رەفعەت عەبدوڵڵا، تەلار لەتیف".
گوتیشی: "تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی تایبەتە بە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و کاندیدی سەرۆککۆمار و لێکنزیکبوونەوەیان لەسەر ئەو پرسە. هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان و سیستەمی هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەبێت".
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێرمان، ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا جگە لە پرسە حزبییەکان، باس لە کێشە ئیداریی و خزمەتگوزارییەکانی شاری سلێمانی دەکات، کە هەوڵێک خراوەتەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە.
ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 28/8/2022، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانی بە دەنگی 89 ئەندامی سەرکرایەتی وەک سەرۆکی یەکێتی دیار کرا.