کەشناسی: باران دەبارێت

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، گۆرانکاری لە کەشوهەوای هەرێمی کوردستان روودەدات و لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا لە هەندێک ناوچە ئەگەری بارینی نمە باران هەیە.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە: "سبەى رۆژى چوارشەممە ئاسمانى هەرێمى کوردستان لەنێوان نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، لەگەڵ زیادبوونى خێراى باو نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى یەک تا دوو پلە. لە کاتى زیادبوونى خێراى با ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵ هەیە لە سەر بەشێک لەو ناوچە دەشتانەى کە خێراى با بۆ سەرووى 25کم لە کاتژمێرێکدا بەرز دەبێتەوە، بە تایبەت سنوورى پارێزگاى کەرکووک و بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى".

کەشناسی راشیگەیاندووە: "لە شەودا لە ئەنجامى هاتنى  لاوازى  نزمە پاڵە پەستۆى کەنداوى عەرەب و نیمچە دوورگەى عەرەب، ئەگەرى نمە باران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە. لەگەڵ زیادبوونى ئەو نزمە پاڵە پەستۆیە بۆ رۆژى پێنجشەممە ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، لە بەشێکی ناوچە شاخاوییە سنووریەکانى پارێزگاى هەولێر و سلێمانى لەگەڵ زۆربەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى پارێزگاى دهۆک و سەنتەرى دهۆک ئەگەرى نمە بارانى پچڕ پچڕى دەبێت، ئەم ناجێگیریە لە کەشى ناوچەکەمان تا درەنگانى شەوى پێنجشەممە بەردەوامى دەبێت و رۆژى هەینى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرماش بەردەوامى دەبێت و تەواوى ناوچەکەمان نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بە خۆوە دەبینێت".