تا ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی هه‌ڵده‌بژێردرێن
K24 – هه‌ولێر:
ئاماده‌كارییه‌كانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌رده‌وامه و وابڕیاره تا ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو هه‌ڵبژاردنی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆنگره كۆتایی بێت.
نه‌جات حه‌سه‌ن، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیوكراتی كوردستان به كوردستان24ی راگه‌یاند، تاوه‌كو ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو سه‌رجه‌م كۆنفڕانسی لق و مه‌كته‌به‌كانی پارتی بۆ هه‌ڵبژاردنی نوێنه‌رانی كۆنگره كۆتایی دێت.
نه‌جات حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، تاوه‌كو ئێستا له 12 لق و چه‌ند مه‌كته‌بێكی پارتی كۆنفڕانسه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره كۆتایی هاتووه و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تاوه‌كو 15ی مانگی داهاتوو سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی هه‌ڵبژێردرێن.
جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی 14ی پارتی ئاشكراشیكرد، تێبینی ئه‌وه‌یان كردووه زۆربه‌ی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی تاوه‌كو ئێستا بۆ كۆنگره ده‌رچوون له توێژی گه‌نجانن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له كادیرانی دێرینی پارتیش سه‌ركه‌وتنیان بۆ كۆنگره به‌ده‌ستهێناوه.
سه‌باره‌ت به‌و گله‌ییانه‌ی له هه‌ندێك له كۆنفرانسه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌ندامانی كۆنگره هه‌یه، نه‌جات حه‌سه‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، فه‌رمانگه‌یه‌كی یاسایی تایبه‌ت به سكاڵاكان راسپێردراوه، كه له‌لایه‌ن دادوه‌رێكه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێدراوه بۆ پێداچوونه‌وه و بڕیاردان له‌سه‌ر كه‌یسه‌كان له‌كاتی بوونی هه‌ر سكاڵایه‌كدا.
وابڕیاره كۆنگره‌ی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان به به‌شداری زیاتر له 800 ئه‌ندام له شاری دهۆك به‌ڕێوه‌بچێت كه رێژه‌ی 25%ی ئه‌ندامانی كۆنگره بۆ ئافره‌تان له‌سه‌رجه‌م بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن ته‌رخانكراوه.
پارتی دیموكراتی كوردستان له 16ی ئابی 1946 دامه‌زراوه و تاوه‌كو ئێستا 13 كۆنگره‌ی ئه‌نجامداوه، كۆنگره‌ی دامه‌زراندنی له شاری به‌غدا به‌ستووه.