ئه‌مه‌ریكا: پێویسته لێپرسینه‌وه له پوتن بكرێت
پوتن هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌نتۆنی بلینكن، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه رایگه‌یاند، پێویسته وڵاتانی جیهان لێپرسینه‌وه له ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا بكه‌ن.
بلینكن له میانی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییدا، كه رووسیاش تێیدا به‌شدار بوو، وتی: ئه‌و سیستمه جیهانییه‌ی ئێمه لێره‌دا بۆ پشتیوانیكردنی كۆبووینه‌ته‌وه، له‌به‌رچاوماندا هه‌ره‌س ده‌هێنێت، ناكرێت و رێگه‌ش ناده‌ین پوتن له لێپرسینه‌وه ده‌ربازی بێت.
هه‌روه‌ها وتی: كۆده‌نگییه‌ك له‌سه‌ر ئه‌وه هه‌یه ئیدانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه بكرێت، كه رووسیا له ئۆكرانیا ده‌ستیپێكردووه، هاوكات ئێمه به‌رده‌وامیش ده‌بین له یارمه‌تیدانی ئۆكرانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگری له خۆیان بكه‌ن.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، بلینكن وتی: پوتن ئاماژه به به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی ده‌كات، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێویسته داوای ده‌ستبه‌جێ وه‌ستاندنی ئه‌و هه‌ڕه‌شانه بكات.
هه‌روه‌ها رووسیای به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه كۆگاكانی دانه‌وێڵه‌ی بۆردومان كردووه، ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی جیهان رووبه‌ڕووی قه‌یرانی خۆراك ببێته‌وه و وتی: هه‌ر كاتێك رووسه‌كان له ئۆكرانیا تووشی شكستێك ده‌بن، زیاتر تاوان له دژی ئۆكرانییه‌كان ده‌كه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، پوتنی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه ده‌یه‌وێت ناكۆكییه‌كان فراوان بكات و قه‌یرانه‌كان ئاڵۆزتر بكات، ئه‌مه‌ش به راكێشانی سه‌ربازی یه‌ده‌گ و ئاماژه‌دان به به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی و لكاندنی به‌شێك له خاكی ئۆكرانیا به رووسیاوه.