فراکسیۆنی یەکێتی: سوورین لەسەر رێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان

"بەلای ئێمەوە هیچ شەرەفێك لە ژن کوشتندا نییە"

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر:

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی پێشنیازە یاسای "بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت" راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "ھەرگیز لەگەڵ یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت"

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەمواری یاسای توندوتیژیی خێزانی، کاردانەوە و گفتوگۆیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئاماژەیان بەوەشدا، ئەوان وەکو فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، "سورین لەسەر رێگریکردن لە توندوتیژی دژی ژنان و مرۆڤایەتی و، بە هەموو شێوەیەک دژی ژن کوشتنین."

فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن، "بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکدی."

ئەوەش خرایەڕەڕوو، "بەلای ئێمەوە (فراکسیۆنی یەکێتی) هیچ شەرەفێك لە ژن کوشتندا نییە. توندوتیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کولتووری  کوردەواری رەسەنن و لەو پێناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن".

فراکسیۆنی یەکێتی جەختیانکردەوە لەوەی، ھەرگیز لەگەڵ سیاسەتێک، یان یاسایەک دا نابن کە دژ بە بنەماکانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت و رێزی ئایینەکانی دیکە و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤیش دەگرن.

ئاماژەیان بەوەشداوە، ئەگەر گومانێک هەبێت لە ھەر هەنگاوێک یان پێشنیازە یاسایەك دژی ئەو پرەنسیپانە بێت کە باسیان لێوەکردووە، بەدڵنیاییەوە فراکسیۆنی یەکێتی، دژی دەوەستێت و جەختدەکات لەسەر پشتیوانیکردن لەسەر گوتە و هەڵوێستی فەرمی سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پابەندبوونی دامەزراوەکە بە بەها و بنەما سەرەکییەکانی شەریعەتی ئیسلامی.

فراکسیۆنی یەکێتی داواشدەکات، لەبەر رۆشنایی ئەو پابەندبوونە، مامەڵە لەگەڵ هەنگاوەکانی داهاتوو سەبارەت بە پێشنیازە یاساکە بکرێت، کە لە بنەڕەتدا "خاڵی هاوبەش و هاوڕایی تەواوی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان بووە".

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تودوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان، کە لە بڕگەیەکی ماددەی دووەمیدا هاتبوو، "بەزۆر سەرجێییکردن لەگەڵ هاوسەردا" بە تاوانی توندوتیژی خێزانی و دژبە ئافرەت دابنرێت، مشتومڕێکی زۆر نێو پەرلەمانی کوردستان دروستبوو، کە دواتر کاردانەوەی چالاکوانان و رێکخاوەکانی مافی ژنان و یەکێتی زانایانی لێکەوتەوە.