سوپای پاسداران هۆشداری دهدات
سوپای پاسداران بنكەی حزبەكانی رۆژھەڵات لەسەر سنوور بۆردوومان دەكات

K24 - هەولێر:
سوپای پاسدارانی ئێران داوا لە ھاووڵاتیانی باشووری كوردستان دەكات كە لە بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان لەسەر سنوور نزیك نەبنەوە.
ئەمڕۆ (شهممه 24ـی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022)، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیاندراوێكدا ئاماژهی بهوه كردووه، بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوورەكانیان، بۆردوومانی بنكە و بارەگاكانی حزبە بهرههڵستكارهكانی خۆیان لەسەر سنوور دەكەن.
بەگوێرهی راگەیاندراوەكە، بۆردومان و تۆپبارانكردنەكە بەردەوام دەبێت، ھەربۆیە داوا لە ھاووڵاتیانی باشووری كوردستان لەسەر سنوور دەكات، كە لە بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان نزیك نەبنەوە.
ئەمڕۆ (شهممه 24ـی ئهیلوول/سێپتێمبهری 2022)، كۆماری ئیسلامی ئێران کوێستانەکانی بەربزین و هۆڕنی و چەند ناوچەیەکی دیکەی لهسهر سنووری ههرێمی كوردستان تۆپبارانکرد.
ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر 3:25 خولەکی دوای نیوەڕۆ، تۆپخانەکانی ئێران بەچڕی کوێستانەکانی بەربزین، گۆڕی سایە و کوێستانی هۆڕنێ-ی تۆپبارانکرد.
سەبارەت بە زیانەکانی تۆپبارانەکە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان ئاماژەی بەوەدا، تا ئێستا زیانی گیانی نەبووە.