حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێک ئاراستەی رای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات

دیمه‌نێكی بۆردومانی باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌
دیمه‌نێكی بۆردومانی باره‌گاكانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌

K24 – هەولێر

دوای ئەوەی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشی بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێک ئاراستەی رای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکات.

سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بەرپرسیارێتی فەرمی خۆی لە هێرش بۆ سەر بارەگاکانی حزبەکانی رۆژهەڵات راگەیاند و حەمەنەزیف قادری، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری گشتیی حزبی دیموکراتی کوردستان دووپاتیکردەوە کە "بۆردومان بەردەوامە".

حەمەنەزیف قادری، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: ئێران لە بەرامبەر ئیرادەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تووشی داماوی و سەرلێشێواوی بووە، ئەو هێرشە ترسنۆکانە سەرکۆنە دەکەین کە خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج. وەک حزبی دیموکراتی کوردستان و ناوەندی هاوکاری، دووپاتی دەکەینەوە کە بەئامانجگرتنی ژن و منداڵ و قوتابخانە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، داوا لە رای گشتی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین رێگە بە ئێران نەدەن بێبەزەییانە و سەرەڕۆیانە هێرش بکاتە سەر خەڵکی سڤیل.

ئەمڕۆ بارەگا و کەمپی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلی حزبی دیموکراتی کوردستان لە کۆیە،  کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە سلێمانی و پارتی ئازادی کوردستان (پاک) لە پردێ، بوونە ئامانجی هێرشی درۆنی و تۆپخانەیی ئێران.

بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان بە هۆی ئەو هێرشانەوە تا ئێستا نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 25 کەسیش بریندارن.

سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکانی ئەمڕۆ راگەیاند و لە بەیاننامەکەیاندا هاتووە، "ئۆپەراسیۆنەکان تا لەناوبردنی هەڕەشە و بارەگای گرووپە تیرۆریستییەکان و پابەندی بەرپرسانی هەرێم [هەرێمی کوردستان] بە بەرپرسیارێتیان، بەردەوام دەبن".

لەو بەیاننامەیەدا، باس لە کاریگەریی حزبەکانی رۆژهەڵات لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کراوە و هاتووە، "لەشکری حەمزەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران، هێرشی تۆپخانەیی و درۆنی چڕی کردە سەر بارەگای دوژمنانی نەتەوە".