ئەردۆغان: گرژی و ئاڵۆزی خێری بۆ کەس تێدا نییە

K24 - هەولێر
سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی گرژییەکان لەگەڵ یۆنان دەڵێت: گرژی و ئاڵۆزی خێری بۆ کەس تێدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لەمیانی بەشداریکردنی کردنەوەی خولی نوێی یاسادان پەرلەمانی وڵاتەکەی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "لەو باوەڕەدام پەرلەمانی قۆناغی نوێ تورکیا بە دەستوورێکی نوێ ئاشنا بکات، کە مافی خۆیەتی و دوایین شوێنەواری سەردەمەکانی کودەتا بسڕێتەوە".
ئەردۆغان، گوتیشی: "دەمەوێت بە شانازییەکی زۆرەوە بیڵێم کە دیپلۆسییەتی تورکیا لە سەرکەوتووترین سەردەمیدایە بەراورد بە سەدەکانی رابردوو".
لەبارەی رۆڵی وڵاتەکەی بۆ گواستنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، کە بەهۆی شەڕی رووسیا وەستێنرابوو، سەرۆک کۆماری تورکیا، گوتی: "رێککەوتنی گواستنەوەی دانەوێڵە کە بە ھەوڵی وڵاتەکەمان فەراھەم بوو، یەکێکە لە گەورەترین سەرکەوتنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا".
سەبارەت بە ھەوڵەکانی یۆنان بۆ پڕچەککردنی ئەو دوورگانەی پێگەی ناسەربازییان ھەیە ئەردۆغان، رایگەیاند: "ھاندانی یۆنان بۆ پڕچەککردنی دوورگەکان لەگەڵ ژیری و ھاوپەیمانی یەکناگرێتەوە. سیاسەتی گرژی و ئاڵۆزی خێری بۆ کەس تێدا نییە و نابێت".