ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران داوا لە هێزی ئینتیزامی دەکات تۆڵە بستێنێتەوە
داوای جیاکردنەوەی "کەسانی ناڕازی" لە "ئاژاوەگێڕان" کراوە
K24 – هەولێر
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامیی ئێران، 233 ئەندامی ئەنجوومەنەکە داوایان لە هێزی ئینتیزامی کرد، تۆڵە بستێننەوە.
کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەمڕۆی (یەکشەممە دووی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی شوڕای ئیسلامی ئێران بە ئامادەبوونی ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆ و حوسێن ئەشتەری، فەرماندەی هێزی ئینتیزامی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی شار و شارۆچکەکانی ئێران و 233 ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، "هێزی ئینتیزامی هێمنانە ئیدارەی دۆخەکەی کرد و توانی تووڕەیی خۆپێشاندەران دابمرکێنێت".
دوای کۆبوونەوەکە، ئەندامانی ئەنجوومەنەکە لە ناو هۆڵی ئەنجوومەن چەندین دروشمیاندا و یەک لەوانە "هێزی ئینتیزامی، تۆڵە، تۆڵە". بە روونی دیار نییە ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەیانەوێ هێزی ئینتیزامی "تۆڵە" لە کێ بکاتەوە؟ لە خۆپێشاندەران یان ئەو لایانەنانەی کە ئێران پێیوایە لە پشت خۆپێشاندانەکانە.
لە بەیاننامەکەدا ، داوای جیاکردنەوەی "کەسانی ناڕازی" لە "ئاژاوەگێڕان" کراوە، هەڵبەت ئەوە روون نەکراوەتەوە چۆن لە خۆپێشاندانەکاندا "کەسانی ناڕازی" لە "ئاژاوەگێڕان" جیا دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی ئێرانیش بەڕێوەچوو، بەڵام زانیاری تەواو لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە رانەگەیندراوە.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی بەرپرسانی باڵای ئێران، خۆپێشاندان لە شارەکانی وەکوو کرماشان، شیراز، مەشهەد، نەجەفئاباد و ئیسفاهان بەڕێوەچووە.
خۆپێشاندان لە زۆربەی شوێنەکان توندوتیژی لێکەوتووەتەوە و بە پێی ئەو ئامارەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویکردووەتەوە، تا ئێستا 133 کەس گیانیان لەدەستداوە.