خۆماڵی کردنی پڕۆژەی ساخالین قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانی رووسیا دەکاتەوە
کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی لە پڕۆژەی ساخالین یەکی رووسیا کشایەوە

K24 - مۆسکۆ
کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی هەوڵ و کۆششێکی زۆری کرد، بۆ ئەوەی پشکەکانی لە پڕۆژەی ساخالین یەکی رووسیا وەربگرێتەوە، بەڵام دواجار کاربەدەستانی رووسیا لەسەرەتای تشرینی یەکەمدا، تاکلایەنە بەشداریکردنی لە پرۆژەی نەوت و گازی ساخالین یەک کۆتایی پێهێنا و پرۆژەکەیان خۆماڵی کرد، شارەزایەکی ئابوری دەڵێت: ئەم بڕیارەی ڤلادیمێر پوتن، قەرەبووی بەشێک لە زیانەکانی رووسیا دەکاتەوە.
لەوبارەوە لانا بەدڤان، شارەزای ئابووری لە مۆسکۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئهو بڕیارهی سهرۆك پوتن دهریكرد، بۆ خۆماڵیكردنی ئهو كۆمپانیایانه له بنهڕهتدا خاوهندارێتییهكهیان تهنها بۆ رووسیا دهگهڕێتهوه، بڕیارێكی زۆر گرنگە، بهو واتایهی كه ههموو هاووڵاتیانی رووسی سوودی لێ ببینن، له بری ئهوهی بۆ كۆمپانیا ژاپۆنی و بهریتانییهكان بێت، ئهمڕۆ ئهو كۆمپانیایانه تهنها یهك چارهسهریان ههیه، یا دهبێت لهناو خاكی رووسیا بمێننهوه، یانیش دهبێت وهك كۆمپانیاكانی دیكه بهتهواوی لهو وڵاته بكشێنهوه، له راستیدا ئەمهش وهشاندنی گورزێكه له ئابووری ژاپۆن و ئابووری رۆژئاوا، كه به قهبارهیهكی گهوره پشت به گازی شلی رووسیا دهبهستن".
بەهۆی جەنگەوە لەگەڵ ئۆکراینادا، رووسیا لەلایەن وڵاتانی خۆرئاواوە چەندین سزای بەسەردا سەپێنراوە، ئەمەش ئاستەنگی زۆری بۆ وڵاتەکە دروستکردووە.
ئیقبال دیورە، مامۆستای زانکۆ دەڵێت: "ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین کە کێشەی نێوان رووسیا- ئۆکراینا و رووسیا-خۆرئاوا تەنها لە مەیدانی شەڕدا کورتنابێتەوە، چونکە ئەوەی روودەدات جەنگێکی ئابورییە، هەر لێرەشەوە دەبێت بڕوانینە کشانەوەی کۆمپانیای ئیکسۆن مۆبیل لە سەخالین یەک و پرۆژەکانی دیکە، دیارە کە ئەمەریکا دەیەوێت رووسیا لە رووی ئابوورییەوە لە تەواوی دنیا داببڕێت، هەرچی رووسیای سەردەمی پوتنیشە دەیەوێت تەواوی ئەو پشکانەی ساڵانی نەوەدەکان بە پارەیەکی کەم و لە سەردەمی قەیراندا لەلایەن کۆمپانیاکانی خۆراواوە کڕدراون و بەهای ئەوتۆیان پێنەدراوە، هاوکات لەلایەن کۆمەڵگە و دەسەڵاتی وڵاتەکەوە هەمیشە بە گومانەوە لێیانڕوانیون، بگەڕێنێتەوە، بۆیە لە ڕەوشی ئێستادا وڵاتەکە دەیەوێت تۆڵە بکاتەوەو بە هەمان نرخی کەم و داشکاو لێیان بستێنێتەوە".
دەشڵیت: "پاش ئەم پرۆسە پرسیاری گرنگ بەکارهێنان و بە بازاڕکردنی ئەو بەرهەمانەیە، کە لەم کۆمپانیا و ئیشانەوە وەدەستدێن، بە بڕوای من ئێستا قۆناغێکی دیکەی کێشە لە ئارادایە کە خۆی لە ساخکردنەوەی بەرهەمە وزەییەکانی رووسیا لە بازاڕە جیهانییەکاندا دەبینێتەوە".
دوای هەوڵ کۆششێکی زۆری ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان لە رووسیا دەربچێت، بەڵام دواجار رووسیا توانێت بێ بەرانبەر تەواوی پشکەکانی کۆمپانیاکە بەدەست بهێنێت و پرۆژەکە خۆماڵی بکات.