ئیمارات هەوڵدەدات بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بکاتە بڕاندێکی جیهانی

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری پێنج هەزار دۆنم جێبەجێدەکرێت و نزیکەی 2500 هەلی کار دەڕەخسێنێت

K24 – هەولێر

کۆمپانیایەکی ئیماراتی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بواری کشتوکاڵ کردووە و دەیەوێت بە پشتبەستن بە نوێترین تەکنەلۆژیا، پەرە بە کشتوکاڵی کوردستان بدات و بەرهەمەکەی بکاتە بڕاندێکی جیهانی.

ئەمڕۆ (یەکشەممە 13ـی تشرینی دووەم) بەردی بناغەی یەکەم قۆناغی پڕۆژەکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ داندرا.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئەو ئیدارەیە لە بارەی پڕۆژەکە بە کوردستان24ـی گوت: یەکەم قۆناغی پڕۆژەکە، بواری چاندن و ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە و دەرچووانی کشتوکاڵیمان فێربن لە داهاتوودا کەرتی کشتوکاڵی زیاتر پەرە پێبدەن.

پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای (ئەکرۆتێک)ـی ئیماراتییەوە جێبەجێدەکرێت. لەو پڕۆژەیەدا جەخت لەسەر راهێنانی جووتیاران و دەرچووانی بەشی کشتوکاڵ، کەمکردنەوەی رێژەی بەکارهێنانی ئاو لە کشتوکاڵدا و بەبازاڕکردنی بەرهەمەکانی دەکرێتەوە.

ئەو کۆمپانیایە راهێنان بە جووتیاران و دەرچووانی بەشی کشتوکاڵی دەکات بۆ ئەوەی بە نوێترین تەکنەلۆژیا و زانستی سەردەمیانە، کاری خۆیان بکەن و پەرە بە کەرتی کشتوکاڵی کوردستان بدەن.

هەر وەک کۆمپانیاکە رایگەیاندووە، تەکنەلۆژیا لە شێوەی کاری ئەواندا رۆڵی سەرەکی دەبینێت و بە بەکارهێنانی سیستەمێکی نوێی کشتوکاڵی، دەکرێت بەکارهێنانی ئاو بە رێژەی 70٪ کەمبکرێتەوە.

کۆمپانیاکە لە تەواوی پڕۆژەکاندا و بۆ دابینکردنی کارەبا، سوود لە وزەی خۆر دەبنێت و دەیەوێ لە رێگەی باشترکردنی کوالێتی بەرهەم و رێژەکەی، بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان بکاتە بڕاندێکی جیهانی.

گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەبارەت بە قۆناغی دووەمی پڕۆژەی کۆمپانیای (ئەکرۆتێک) بە کوردستان24ـی گوت: لە قۆناغی دووەمدا پێنج هەزار دۆنم لە دەشتی سندیان، پڕۆژەی کشتوکاڵیان لێدەکرێت. ئامانجی سەرەکی ئێمە ئەوەیە بتوانین کەرتی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ پەرەپێبدەین و خەڵکمان لێی سوودمەند بێت.

بە گوێرەی لێدوانی بەرپرسانی کۆمپانیاکە و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە هۆی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەوە 2500 هەلی کار دەڕەخسێندرێت.