سەرباز شێخ نەجیب: ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری تواناکانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە لەخۆ دەگرێت

ئینستیتیوتی نوێگەری و داهێنان لە کوردستان راگەیەندرا

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان راگەیەندرا.

د. سەرباز شێخ نەجیب ئەندامی بۆردی بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان، لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی وتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، کردنەوەی ئەو ئینستیتیوتە بە دەستپێشخەری مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو، بۆ ئەوەی تواناکانی ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان لە خۆبگرێت.

گوتیشی: "راستە راگەیاندنی ئینستیتیوتەکەمان کەوتە ئەمڕۆ، بەڵام هەنگاوە بەراییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە کردەیی کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەمڕۆوە دەرگاکانمان واڵا دەبن بۆ وەرگرتنی بیرۆکە و پڕۆژەکان لە رێگەی ماڵپەڕی (KII)، لای ئێمە هەموو بیرۆکەیەک بە ئەهەند وەردەگیرێن و کاریان لەسەر دەکرێت".

راشیگەیاند، پلانی سەرەکیان بریتی دەبێت لە گرێدان و توندوتۆڵکردنی حکومەت و دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کەرتی تایبەت.

بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان، گوتی: "زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە بێبەش نین لە بەهرە و خولیای داهێنەرانە، بەڵام بەداخەوە کەرەستە و میکانیزمەکانی خودانکردنی ئەو توانایانە بەردەست نین یان زۆر سەرەتایین، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێک لە بەهرەدارەکان توانیویانە داهێنانەکانیان تا ئاستێک لەناوخۆ و دەرەوەش پیشان بدەن و ببنە جێی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش".

ئاماژەی بەوەشدا، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کردنەوەی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان دروستکردنی کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆییە بۆ دامەزراندنی دا‌‌هێنەر و ئەکادیمییەکان بۆ خزمەتی نیشتمان و وڵاتی دایک، هاوکات ئاسانکاریی و زەمینەسازی دەبێت بۆ پڕۆژە و پێشنیارەکانیان.