نێچیرڤان بارزانی: ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەری زۆر گرنگ و پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان
"گەنجان و کەسانی خاوەن بیرۆکەی تازە و داهێنەر دەتوانن روو لەم دامەزراوەیە بکەن"
K24 - هەولێر
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی راگەیاندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان لە هەولێر رایگەیاند: ئەو دامەزراوەیە، دامەزراوەیەکی گرنگە و زۆر پێویستە بۆ هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، گوتی: "هاوکاریی و پشتگیری حکومەت، کەرتی تایبەت و زانکۆکان لەم دامەزراوەیە پێویست و گرنگە بۆ سەرخستنی ئەرکی دامەزراوەکە، لە بایەخدان بە داهێنان و نوێگەریی، گەنجانی کوردستان بە تایبەتی و هەر کەسێکی خاوەن بیرۆکەی تازە و داهێنەر لە هەر بوارێکدا بۆ بەدەستهێنانی پشتگیریی و سەرخستنی بیرۆکە و داهێنانەکانیان، دەتوانن روو لەم دامەزراوەیە بکەن و پشتی پێبەستن".
گوتیشی: "دڵنیام لە هەموو بوارەکاندا لە کوردستان بە دەیان گەنج و کەسانی بە توانا هەن، کە بیرۆکەی نوێ و جددی و خەون و خولیای داهێنانیان هەیە، ئەگەر دەرفەت و پشتگیری هەبێت، رەنگە ساڵانە گەنجانی کوردستان بتوانن لە چەندین بواری زانستی، تەکنەلۆژیی و زانستی و بوارەکانی دیکەدا بیرۆکەی زۆر سوودبەخش تەنانەت داهێنانیش بدۆزنەوە و پێشکەشی بکەن".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، رەنگە نەبوونی دامەزراوەیەکی لەمشێوەیە دڵی دەیان گەنج و داهێنەری ئەم وڵاتەی سارد کردبێتەوە لە کارکردن و کۆڵیانداوە، بەڵام ئێستا گەنجان و کەسانی خاوەن بیرۆکەی داهێنەر دەتوانن ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی کوردستان وەکو مژدەیەک ببینن و لەمەودوا دەتوانن رووی تێبکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا گوتی: "بێگومان بوونی سەرۆک وەزیران بەڕێز مەسرور بارزانی لە سەرۆکایەتی بۆردی بەڕێوەبردنی ئەم دامەزراوەیە، نیشانە و بەڵگەی ئەوەیە کە کارێکی جدییە و دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هەموو خاوەن بیرۆکە و بەهرەدارەکان لە هەر بوارێکدا بێ دوو دڵی و بە متمانە و دڵنیابوونەوە، خۆی و بیرۆکە و داهێنانی بسەلمێنێت و بیکاتە بەرهەم، من دەزانم جەنابی سەرۆک وەزیران چەند بە گرنگییەوە باسی ئەم بیرۆکەی کردووە و کاری جددی لەسەر کردووە، یەکێک بووە لەو خەونانەی بەردەوام لەگەڵ من و زۆر کەسی دیکە باسی کردووە، پێش ئەوەی ئەم رێوڕەسمە بکرێت چەندین جار تەئکیدی کردەوە کە رێوڕەسمەکە بەلای ئەوەوە زۆر گرنگە و دەبێ بەشداریش بم، زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ دەرفەتی ئەوەم هەبوو بەشداربووم، لە راستیدا ئەم رێوڕەسمە گرنگە و جێی دەستخۆشییە، ئەم بیرۆکە لە جەنابیان و بۆردی بەڕێوەبردنی ئەم ئینستیتیوتە پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی خستەڕوو: "گەنجان و داهێنەرانی کوردستان هیچیان لە هی وڵاتانی دیکە کەمتر نییە، خاوەن توانا و بەرهەم و ئیرادەی گەورەن، دڵنیام ئەگەر پشتگیرییان بکرێت و دەستیان بگرن و هاندان و پێزانین بۆ بیرۆکەکانیان هەبێت، داهێنانیان دەبێت، گەنجانی ئێمە وەکو گەنجانی دیکە دەتوانن خۆیان بسەلمێنن و داهێنان ئەنجامبدەن، بۆیە ئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانە هەموو پشتگیری و یارمەتییەک پێشکەش بە خاوەن بیرۆکە و داهێنەران بکەن و خۆیان بکەن بە خاوەن، هیوادارم دامەزراندنی ئینستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی هەنگاوی یەکەم بێت، لە پرۆسەیەکی بەردەوامی پشتگیری و هاوکاریی و رەخساندنی دەرفەتی زیاتر و فراوانتر بۆ هەر بەهرەیەک لە هەر بوارێکدا بێت".
گوتیشی: "دەبێت ئەم دامەزراوەیە ببێتە هاندەرێک کە گەنجانی کوردستان زیاتر خۆیان ماندو بکەن، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و شەونخونی بکەن و بیر بکەنەوە، کە ئەمە تەنها رێگای سەرکەوتنی کوردستانە، پەڕینەوەی کوردستانە لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی زۆر گەورەتر".
نێچیرڤان بارزانی داواشی لە گەنجان و کەسانی داهێنەر کرد، ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە بیرۆکە و نەخشە و پلانی داهێنەرانە پێشکەش بکەن و کۆڵنەدەن، تا دەیکەنە شانازی بۆ خۆیان و خانەوادە و وڵاتەکەیان.